بەشێک لە فەرمانبەرانی هاتووچۆی سلێمانی: مووچە وەرنەگرین، بایکۆت بەشەکانی دیکەش دەگرێتەوە

29-01-2024
نزار جەزا
بایکۆتی کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی و دروستبوونی قەرەباڵخی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە. وێنەکان: رووداو
بایکۆتی کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی و دروستبوونی قەرەباڵخی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکە. وێنەکان: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەرگایان بەڕووی هاونیشتمانییاندا نەکردەوە، لەنێو باڵەخانەکەیاندا بۆ داواکردنی مووچە بایکۆتیان راگەیاند. کاری سەتان کەسی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی بایکۆتەوە بەڕێنەکرا.
 
مام رەحیم محەممەد کاسبکارە و دەڵێت، "لە ساڵی 1997ـەوە خانەنشینم، مانگانە 220 هەزار دینار مووچەم هەیە، سێ بۆ چوار مانگە وەرمنەگرتووە، یان خەڵک هەمووی بایکۆت بکات، یان بۆ بە تەنیا مامۆستا یان فەرمانگەیەک بیکات؟ دۆخەکەش دیارە، ئەوەتا ئەمڕۆ لە رانیە و قەڵادزێ و کەرکووک و هەموو شوێنێکەوە هاتوون."
 
کاسبکارێکی دیکە بەناوی شێخ رەزا شێخ عەلی بەهۆی بایکۆتی هاتووچۆی سلێمانییەوە کارەکەی رایی نەکرا و گوتی، "مووچەخۆر مافی خۆیەتی لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت و بایکۆت و خۆپێشاندان بۆ ئەو مافەش بکات، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، چونکە تەنیا ئیش و کاری خەڵک دوادەکەوێت."
 
هەر تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبوو کە لە هاتووچۆی سلێمانی کارەکانیان بەهۆی بایکۆتەوە وەستا، موهیب جەبار کە قوتابییەکی عەرەبە بۆ راییکردنی کارەکەی لە ناسریەوە هاتبووە سلێمانی، ئەو دەڵێت، مامەڵەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێلی هەیە، بە پێویستی دەزانێت کە ئاگاداریان بکردنایەتەوە یاخود بڵاویان بکردایەتەوە، "کەس نەچێت، خۆپێشاندان هەیە یان فەرمانگە حکومییەکە داخراوە، وایە یان نا؟ لە هەولێر و سلێمانى سیستمێکى باش هەن، بۆچى ئەم بێسەروبەریە هەیە؟"
 
بایکۆتەکە تەنیا نێو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گرتووەتەوە و بەشەکانی دیکەی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی لەکاردان، بەڵام بە گوتەی ژمارەیەک لەو فەرمانبەرانەی رووداو قسەی لەگەڵ کردوون، لە بایکۆت بەردەوام دەبن و ئەگەر مووچە وەرنەگرن بەشەکانی دیکەش دەگرێتەوە.
 
وەستانی کارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، کاریگەریی لەسەر داهاتی خەزێنەی حکومەتیش دەبێت؛ بەجۆرێک کە داهاتی رۆژانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت، نزیکەی 500 ملیۆن دینار بۆ 1.8 ملیار دینارە.
 
لەدوای نزیکەی چوار مانگ بایکۆتی مامۆستایان، بایکۆتی هاتووچۆی سلێمانی و بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانیشی هاتەسەر، چونکە مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردووی فەرمانبەران دابەش نەکراوە و هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2024یش دیارنییە.
 
رازیە قادر، فەرمانبەر دەڵێت، "کرێچیم و نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوام، ئەمەش حاڵ نییە ئێمەی تێداین، بۆیە داواکارم لە بەرپرسان ئەم دۆخە باش بکەن، ئەمە ژیان نییە لەنێوان ژیان و مردن بین، ئێمە دەوامی خۆمان بە باشی دەکەین، بۆیە پێویستە مووچەکەشمان بە باشی پێبدەن."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی، ئەم بایکۆتە کاریگەریی لەسەر بڕی پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان نابێت.
 
سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "ئەم بایکۆتە شتێکی خۆڕسک بووە، لەبەرئەوەی بەشێکیان پارەیان پێنەماوە، کەواتە چۆن بۆ دەوام بێن، هەر لەبەر ئەمە سزادانمان بۆیان نابێت. بەهۆی ئەم بایکۆتەشەوە کێشەی کەمی کارەبا دروست نابێت."
 
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە وادەی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران دیارنییە، بۆیە دیارنییە ئایا کەی کۆتایی بە بایکۆتی فەرمانبەرانیش دێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە