رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سۆران رایدەگەیێنێت، دابەشکردنی نەوتەکەی بەغدا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستی پێکردووە و هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت، هەروەها دەشڵێت، بەهۆی سەرپێچیکردنەوە لەسەرەتای ئەم ساڵەوە 44 جار سزای بەنزینخانەکان دراون.
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "ئەم ساڵ پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە سنووری ئیدارەی سۆران دوو جار بووە، بەشێوەیەک پرۆسەی یەکەم، ئەو نەوتە بوو کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشدەکرا، 200 لیتر بە 100 هەزار دینار کە ماوەیەکی زۆرە پرۆسەکە تەواو بووە."
گوتیشی، هەموو خێزانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران نەوتیان پێدراوە و نزیکەی 17.5 ملیۆن لیتر نەوتیان بەسەر زیاتر لە 87 هەزار و 300 خێزاندا دابەشکردووە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران گوتی، پرۆسەی دووەم، ئەو نەوتەیە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، لە سێ قەزای سنووری سۆران (چۆمان، سیدەکان، مێرگەسۆر) دەستی پێکردووە.
رۆژی 27-11-2023، ئەنجوومەنی ئابووری عێراق بڕیاریدا بە دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک و بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابینکرد.
ئەمیر شانەدەری دەڵێت، ئەو بڕە نەوتەی کە حکومەتی عێراق دابینیکردووە بڕی 50 ملیۆن لیترە و پشکی پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 800 هەزار لیترە.
لەبارەی شێوازی دابەشکردنی ئەو نەوتە ئاماژەی بەوەکرد، دابەشکردنی نەوتەکەی بەغدا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکات و هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت بە 25 هەزار دینار و هەروەها شەش هەزار کرێی گواستنەوە و کۆگەکردن کۆی گشتی نزیکەی 31 هەزار دینار دەکات بۆ هەر 100 لیترێک.
لەسەرەتای مانگی 12ـی 2023ـوە بەهۆی کێشەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار، بەغدا ناردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ هەرێمی کوردستان راگرتووە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران راشیگەیاند، "پێشتر کە لەلایەن حکومەتی عێراقە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرا، پشکی ئێمە باشتربوو، بەڵام ئێستا رۆژانە نزیکەی 100 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری بۆ سنووری ئیدارەی سۆران دێت و بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر قەزا و ناحییەکاندا دابەشدەکرێت."
گوتیشی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سۆران رۆژانە چاودێری بەنزینخانە و کارگەکانی گازی شل دەکرێن و لەکاتی هەر سەرپێچێیەک سزا دەدرێن و هاونیشتمانییان لە کاتی بوونی هەر کێشەیەک دەتوانن پەیوەندی بکەن بەم ژمارە تەلەفۆنەوە، (07501001041).
لەبارەی سزادانی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچییان کردووە، ئەمیر شانەدەری دەڵێت، "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، چەند بەنزینخانەیەک سزا دراون بەداخستن و پێبژاردن، 44 جار سەرپێچی بەنزینخانەکان تۆمارکراون و سزادراون بەهۆی ئەوەی دەستکاری کوالێتیی بەنزین و ژمێرەری بەنزین کراوە."
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ باشتر چاودێریکردنی کوالێتیی بەنزین و سووتەمەنی، ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بە پشکنینی بەنزین و سووتەمەنی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دابینکراوە، هەفتەی داهاتوو دەگاتە دەستیان، هەروەها وەزارەتی دارایی و سامانە سرووشتییەکان رەزامەندییان داوە بۆ دروستکردنی تاقیگەیەکی تایبەت بە پشکنینی سووتەمەنی بۆ سنووری سۆران، چونکە تا ئێستا نموونەی بەنزین و سووتەمەنی دەنێرینە هەولێر، چاوەڕوانین بخرێتە تەندرەوە."
لەبارەی پشكی ئیدارەی سۆران لە گازی شل- LPG، ئەمیر شانەدەری گوتی، "ئەو بڕە گازەی بۆ ئێمە دابین دەکرێت، بە گوێرەی ژمارەی پسوولەی خۆراکە، زیاتر لە زستاندا کێشەمان هەیە چونکە بەکارهێنانی زیاترە."
ئاماژەی بەوەشکرد، پشکی سنووری ئیدارەی سۆران مانگانە 72 تانکەرە بۆ هەموو سنوورەکە کە لەنێوان هەزار و 300 بۆ هەزار و 400 تۆن گازی شلە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ