رووداو دیجیتاڵ
شەقامە گشتییەکانی کەرکووک لەبری دیمەنی سەوزایی و رێگەوبانی جوان، پڕبوون لە زبڵ خاشاک، هاووڵاتییان پاشماوەکانیان لە زبڵ و خاشاک لەسەر شەقامە گشتییەکان فڕێدەدەن. دانیشتووانی ئەو شوێنانەی زبڵەکەی لێ کەڵەکەبووە بە تەواوی هەراسان بوون. هەندێ هاووڵاتیش لە بەرامبەر بڕێک پارە خاشاکی ماڵان کۆدەکەنەوە و لە شوێنێک بۆیان فڕێدەدەن.
محەممەد عەلی، دانیشتووی گەڕەکی رەحیماوا لە کەرکووک دەڵێت، "ژێر و بانمان نەوتە ئەمە جادە و بانەکەمانە، خۆمان قیروسیا بەڵام بیرێک لە ماڵ و منداڵەکەمان بکەنەوە، ئەگەر منداڵەکەم نەخۆش بێت هانا بۆ کێ ببەم."
نێو سەنتەری شار و کوچەو کۆڵانەکان و سەر شۆستەو رێڕەوە سەرەکییەکانی هاتوچۆی خەڵک و نزیک قوتابخانەو بنکەکانی تەندروستی گەڕەکە میلییەکان پڕبوون لەزبڵ و خاشاک، دیمەنی ناشرینی بۆن و بەرامی کەرکووکییەکانی هەراسان کردووە.
جومعە فاروق، دانیشتووی گەڕەکی رەشیداوا باس لەوە دەکات کە "بە پیکاب و ئۆتۆمبێل و ماتۆڕ لە گەڕەک و شوێنەکانی دیکەوە زبڵەکە دەهێنن لێرە فڕێی دەدەن، دیمەنێکی ناشرینە و نەخۆشی بڵاودەبێتەوە."
پاککردنەوەی کەرکووک لەپلانی شارەوانیدا دابەشکراوەتە سەر شەش کەرت؛ سێ کەرتی رۆژهەڵاتی خاسە لەلایەن شارەوانییەوە پاک دەکرێتەوە و سێ کەرتی رۆژئاوای خاسە لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوە پاکدەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری شارەوانی هۆکاری زۆر بڵاوبوونەوەی زبڵ لەم ماوەیە بۆگۆڕانکاری لەکاری کۆمپانیاکان دەگەڕێنێتەوە.
ئەحمەد عومەر، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "پلانێکی باشمان دانا بۆ ئەمساڵ خەریکی جێبەجێکردنین، راستە کەڵەکەبوون روویدا، هۆکارەکەشی گۆڕینی کۆمپانیاکە بوو، ئەو کۆمپانیایە تاوەکو دەست بە کارەکانی دەکات 15 رۆژێکی دەوێت."
لەکەرکووک رۆژانە نزیکەی 1200 تۆن زبڵ و خاشاک فڕێدەدرێت، شارەوانی کەرکووک مانگانە تەنیا بڕی 200 ملیۆن دینار بودجەکەیەتی بۆ ئەو ئەرکە، هاوکات ئیدارەی پارێزگا نزیکەی 600 ملیۆن دینار دەداتە کۆمپانیا بۆ هەڵگرتنەوەی زبڵ و خاشاک.
هەندێک هاووڵاتیی شارەکە لە بەرامبەر بڕێک پارە زبڵ و خاشاکی ماڵان کۆدەکەنەوە بۆیان فڕێدەدەن، بەڵام ئەوانیش هەر دێنە دەروازەی کەرکووک و لەسەر شەقامە سەرەکییەکان رۆی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ