رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری چوار بەندکراوی سیاسیی کورد کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، دوای زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگ لە زیندانیکردنیان، لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران چاویان بە هاونیشتمانییە حوکمدراوەکان کەوت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-1-2024، کەسوکاری موحسین مەزڵووم، پێژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و محەممەد فەرامەرزی لە گرتووخانەی ئێڤینی تاران چاویان بە هاونیشتمانییە حوکمدراوەکان کەوت. ئەو هاونیشتمانیانە لە گرتووخانەی قزلحەساری کەرەج راگیراون و بۆ بینینی کەسوکاریان برابوونە گرتووخانەی ئێڤینی تاران.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو زیندانییانە بە کەسوکاریان گوتووە، سزاکەیان جێبەجێ دەکرێت و لەوانەیە دوایین جار بێت، چاویان پێیان بکەوێت.
ئەو چوار هاونیشتمانییە لە 23-07-2022، لە ناوچەی سۆمای ورمێ دەستگیرکران؛ هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە هاوکاریکردنی ئیسرائیل تۆمەتباریان کردن و بەو تۆمەتە لە دادگە بە لەسێدارەدان سزا دران.
مەسعود شەمسنژاد، پارێزەری ئەو هاونیشتمانیانە دەڵێت، رەوتی دادگایی و سزادانی ئەو کەسانە دادپەروەرانە نەبوو و مافەکانی خۆی و بریکارگرتەکانی لەبەرچاو نەگیرا و چەند هەوڵی دا، رێگە نەدرا بەرگرییان لێ بکات.
کامپەینی پشتیوانی لەو چوار بەندکراوە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رێگە نەدرا پارێزەرەکەیان لە دیوانی باڵای دادوەریی ئێران داوای پێداچوونەوە بە سزاکەدا بکات و داواش لە خەڵک و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەر بگرنەبەر بۆ رێگەگرتن لە جێبەجێکردنی سزاکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ