رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کەرخی بەغدا فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ چوار کەس لە بکوژانی بازرگانێکی شاری کەرکووک دەرکرد کە کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی رابردوو كوژرا.
رۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دادگە دوای دەیان دانیشتن، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ ژنەکەی ئارام و سێ کەس کە خزمی ژنەکەن و برای یەکن، دەرکرد. ئەوەش دوای یەکلابوونەوەی تۆمەتەکە بەسەریاندا."
ئارام عاسی، بازرگانێکی شاری کەرکووک بوو؛ رۆژی 27ـی ئایاری 2023 کوژرا و چەند کەسێک بە تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەکە دەستگیر کران.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە گوتیشی، "لەدوای رووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان دەرکەوت ژنەکەی خۆی و چەند کەسێک لە کەسوکاری ژنەکەی دەستیان لە کوشتنی ئەو بازرگانە کوردەدا هەبووە."
سەرچاوەیەک لەنێو خانەوادەی ئارام عاسی گوتی، پێشتر دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە لە دادگەی کەرکووک بوو، بەپێی زانیاریی کەسوکارەکەی، چەند بەرپرسێک لە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی دۆسیەکەبوون بۆ ئەوەی سزایەکی سووک بەسەر بکوژەکانیدا بسەپێندرێ، بەڵام کەسوکاری کوژراوەکە داوای گواستنەوەی دادگاییەکەیان کرد لە کەرکووکەوە بۆ بەغدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ