مقاوەمە: بە درۆن هێرشمان کردە سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەولێر

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، رایگەیاند، ئەمڕۆ هێرشێکی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەڵێنیش دەدات لە هێرشەکان بەردەوام دەبن.
 
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق - شیعە، لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2024 لە کەناڵی تەلەگرامی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە، "لە درێژەی رێبازەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هێرشێکی درۆنیمان کردە سەر بنکەی هێزەکانی داگیرکە لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر."
 
ئەو گرووپە کە ژمارەیەک هێزی چەکداری شیعە لەخۆدەگرێت و لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی غەززە و ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا، هەولێر، هەرێمی کوردستان، سووریا و ئیسرائیل.
 
ئەو هێرشانە لەنێو خاکی عێراقەوە لە کاتێکدایە، زۆرجار بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، نابێت لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک، مادەی 7ی دەستووری عێراقیش دەڵێت، دەوڵەت پابەند دەبێت بە دژایەتیکردنی تیرۆر بە هەموو جۆرەکانیەوە، کار بۆ پاراستنی خاکەکەی دەکات لەوەی نەبێتە شوێنێک بۆ کردەوەکانی.
 
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق - شیعە لە 17-10-2023ـەوە دەستیان بە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان کردووە، تاوەکو ئێستاش بەرپرسیارێتی 170 هێرشیان لە ئەستۆ گرتووە، زۆربەی هێرشەکانیشیان لە رێگەی درۆنەوە کردووە.