هاتووچۆی سلێمانی: بەهیچ شێوەیەک کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەنێو شاردا دانانرێت


رووداو دیجیتاڵ

هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیێنێت، هەموو دەنگۆیەک رەتدەکەنەوە کە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت) لەنێو شاردا دابنرێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێت: "ئەو کامێرایانەی لەنێوشاردا دانراون تایبەتن بە ئەمنییەت نەوەکو خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل".
 
رۆژی شەممە، 28-1-2023، عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە گوایە ئەو کامێرایانەی لەنێو شاری سلێمانیدا بە جێگیریی دانراون بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ کاردەکەن، ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە و کامێرای چاودێریی خێرایی تەنیا بۆ دەرەوەی شارەکانە".
 
بەختیار محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی گرێبەستێک کە لەنێوان کۆمپانیایەک و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە، 225 کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی ئۆتۆمبێل دادەنرێت کە تایبەتە بە دەرەوەی شارەکان و هیچ پەیوەندییەکی بە کامێرای نێوشارەوە نییە.
 
لە زۆرینەی شەقامە سەرەکی و گەڕەکەکانی سلێمانی کامێرای جێگیر دانراون؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو کامێرایانە لە ئەنجامی گرێبەستێکدا دانراوە لەنێوان کۆمپانیایەک و ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان و تایبەتن بە تۆمارکردنی دیمەن و چاودێریی.
 
لەبارەی کاتی کارپێکردنی کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی گوتی: "کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ بە پێنج قۆناخ دادەنرێن و تاوەکو ئەمڕۆ یەک قۆناخیشی بە تەواویی تەواو نەبووە، دیارنییە کەی دەکەونە کار، بەڵام لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا کامێراکانی رێگەی دووکان - سلێمانی دەکەونە کار".
 
بەختیار محەممەد دەڵێت، هەر بۆ سیستمەکە ناگونجێت کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەنێو شاردا دابنرێت. گوتیشی: "دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە دەرەوەی شارەکانیش بۆ رێگرییە لە هۆکارەکانی مردن بە رووداوی هاتووچۆ، چونکە زۆرینەی ئەو رووداوانەی مردنیان لێدەکەوێتەوە هۆکارەکان تیژڕۆییە لە رێگەی نێوان شارەکاندا".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ھەندێک پەیج و بەمەبەست و بە ئەجێندایەکی مەبەستدار و ئاراستەکراو راستییەکانیان بەلاڕێدا بردووە و ھەستاون بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵێک کە وێنەی بەرێوەبەری راگەیاندنی ھاتووچۆی سلێمانی لەگەڵ ئەو کامێرایانەی ئێستا لە قۆناخی داناندان لە زۆرینەی شەقامە سەرەکی و گۆڕەپان و گەڕەکەکانی نێوشاری سلێمانی، کە بە ھیچ جۆرێک پەیوەندی بە ھاتووچۆ و بواری خێرایی و شۆفێری نییە".
 
18ـی ئەم مانگە، هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ یان کە تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر لەنێوان شەقامی کەرکووک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە هەردوو سایدەکە دەکەوێتە کار.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی، 18-1-2023، بڵاوکراوەتەوە؛ هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: شۆفێرانی ئازیز بۆ ئەوەی خۆتان لە سزای دارایی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بپارێزن، نابێ لە شەقامی 120 مەتری لەمەولا تیژڕۆیی بکەن و لە هەموو 120 مەتری خێرایی رێگە پێدراوە بەم جۆرەیە:
 
یەکەم: ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە 110 کیلۆمەتر لە کاژێرێک خێراتر بڕوات. هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا.
 
دووەم: ئۆتۆمبێلی گەورە (بارهەڵگر) نابێت لە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێک خێراتر بڕوات. هەر خێراییەکی زیادە بۆتان تۆمار دەکرێت و سزای دارایی دەدرێن جا کامێراکە دیار بێت یان نا. هەروەها شۆفێرانی بارهەڵگر ئاگادار دەکەینەوە کە تەنیا رێگەپێدراون لە هێڵی دیاریکراو بۆیان شۆفێری بکەن. بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.