سەرکردەیەکی یەکگرتوو: هۆشیار نەبین، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پێیوایە کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی لە "بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا نییە" و دەشڵێت: ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هۆشیار نەبن، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق بەردەوام دەبن و "هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت."
رۆژی شەممە، 28-01-2023، عوسمان کاروانی، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو میوانی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە جەعفەر رەشید و هەوراز گوڵپی پێشکێشی دەکەن. لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی رایگەیاند: ''کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی تاوەکو ئێستا لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بووە نەک لە بەرژەوەندیی خەڵک، بۆیە ئەو کۆبوونەوانە هیچ ئومێدێکیان بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان نەگەڕاندووەتەوە.''
ئەمڕۆ شەممە پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە. خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرن بۆ گفتوگۆ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، لەوانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، پرسی حکومەت و گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.
دوای گرژبوونی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، تیمەی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد. ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو پێیوایە ''بنەمای گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی وەزیرانی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان، پارێزگاری لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای دابەشکاریی حیزبییە کە لەنێوان خۆیاندا هەیە.''
ماوەی نزیکەی ساڵێک دەبێت یەکێتی و پارتی ناکۆکیی قوڵیان لەسەر ژمارەیەک پرس هەیە، بەڵام "تیرۆرکردنی" عەقید هاوکار جاف، ئەفسەری دژەتیرۆر لە شاری هەولێر لە 7-10-2022، پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو حیزبەی تەواو گرژکرد و هەردوولا کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکدی و هەستیارییەکانیان بەرامبەر بەیەکتر زیاتر بوون، بەوهۆیەوە لە ئۆکتۆبەری 2022ـەوەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە.
عوسمان کاروانی، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو دەشڵێت، پارتی و یەکێتی رۆڵیان لەو ناکۆکییانەدا هەبووە و هەردوولا هەوڵدەدەن خۆیان بێ هەڵە دەربخەن و هەڵەکانیان بخەنە ئەستۆی یەکدی. باسی لەوەش کرد، ''هیچ لایەن لەڕووی ئەخلاقییەوە ناچێتە ژێرباری هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی.''
عوسمان کاروانی؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "حکومەتێکی شکستخواردوو" ناو دەبات و هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ''لەڕووی دیموکراسییەوە، ئاستی خزمەتگوزاریی هاووڵاتییان، تەبایی هێزە سیاسییەکان، پێگەی داوودەزگای نیشتمانی، پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەرەو دواوە رۆشتووە.''
ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو باس لە کاریگەریی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: ''ئارامیی سیاسی، کاریگەری هەیە لەسەر باشبوونی گوزەران و ژیانی خەڵک، بەڵام ئاکامەکانی ئەم کۆبوونەوانەی پارتی و یەکێتی زۆر ناخایێنێت، واتا لەسەر دەستبردن بۆ ریشەی کێشەکان کۆنابنەوە، تەنیا بۆ کات بەڕێکردن کۆدەبنەوە و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان نییە.''
دوای رێکنەکەوتنی حیزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پێشنیازهیاساى بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستانی لە 09-10-2022 پەسند کرد و تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی مانگی 2023 درێژکردەوە.
عوسمان کاروانی پێیوایە پارتی و یەکێتی پێکەوە هەڵبژاردنەکانیان دواخست و دەشڵێت: ''ئەگەر ئیرادە هەبێت هەڵبژاردن بکەن لە ماوەی دوو مانگدا ئەنجام دەدرێت.''
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون و لەسەر بنەمای ئەو سکاڵایە ناردنی پارەی بۆ هەرێمی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەمدا.
عوسمان کاروانی لەوبارەوە رایگەیاند: ''دادگەی فیدراڵی لە پەیوەندییەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هاووڵاتییان ئاگادارە و دەزانێت کە چۆن یەکێتی و پارتی لە بەغدا بەسەر هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا دابەش بوونە.''
ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو پێیوایە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دوو بابەت روون دەکاتەوە، ''رێککەوتنی حیزبی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا تەواو نییە بۆئەوەی داخوازییەکانی خۆمان بێنینە دی، دەبێ ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ بەغدا دەیکەین لە چوارچێوەی دەستووردا بێت ئەگینا بەغدا لەوسەر بە دەستوور دێت و هەموو ئەو رێککەوتنانە هەڵدەوەشێنێتەوە.'' دەشڵێت: ''دادگەی فیدراڵی ئێستا بووەتە ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێز و ئەگەر هێزە حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆش نەیەنەوە، ئەو بڕیارانە هەرێمی کوردستان دەخنکێنێت.''