لە هەولێر گرووپی "هەنگە دڵخۆشەکان" یەکەم نمایشی شانۆ و سەمایان پێشکێشکرد


رووداو دیجیتاڵ 

گرووپی "هەنگە دڵخۆشەکان" یەکەم نمایشی شانۆ و سەمایان لە هەولێر پێشکێشکرد. گرووپەکە لەلایەن ئەکادیمیای هونەری و وەرزشی قوتابخانەکانی شوەیفات - سابیس دامەزراوە. 
 
14 منداڵی حەوت بۆ 11 ساڵان لە نمایشی شانۆ و سەماکەدا بەشداربوون. نۆژین فاتیح، ئەندامی گرووپی هەنگە دڵخۆشەکانە و دەڵێت: "رۆڵی درەختمان بینی. واتە کاتێک کە خەڵکەکە زبڵیان دەسووتاند، ئێمە نەماندەتوانی هەناسە بدەین. ئامانجی شانۆکەمان ئەوە بوو پێشانی جیهانی بدەین کە سووتاندنی دارستانەکان بە هیچ شێوەیەک سوود بە جیهان ناگەیێنێت."
 
ئارتینا ئاری، ئەندامێکی دیکەی گرووپی هەنگە دڵخۆشەکانە و دەڵێت: "سەرەتا زۆر دوودڵ بووم، بەڵام دوای ئەوەی کە نمایشەکەمان پێشكێشکرد، لە رادەبەر دڵخۆش بووم. بۆ من شتێکی ناوازە بوو. هەموو شتێک زۆر باش بەڕێوەچوو." 
 
نمایشەکە بە شانۆگەرییەکی 25 خولەکی دەستیپێکرد کە نێوەڕۆکەکەی باسی پاراستن و خۆشەویستی ژینگەی دەکرد. دواتر گرووپەکە سەمایان لەگەڵ منداڵانی ئامادەبوو کرد 
 
سارینا باقی، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای هونەری لە سابیس - شوەیفات بە رووداوی گوت: ئێمە دەمانەوێت لە دڵی منداڵان نزیکبینەوە لەبەرئەوەی کە بەهۆی شانۆکەوە بتوانین وانەیان پێبڵێینەوە، واتە بەس ئەوە نەبێت کە بڵێی بە منداڵ دەبێت ژینگە بپارێزی، بەس وانەبێت نا ئێمە بەهۆی شانۆکەوە پێیان نێشان دەدەین کە دەبێت ژینگە بپارێزین، بەهۆی شانۆکەوە دەڵێین، دەبێت یەکمان خۆشبوێت، دەبێت رێزی یەکبگرین، لەبەرئەوە هەر جارێک و وانەیەکە. 
 
گرووپی هەنگە دڵخۆشەکان دەیانەوێ لەمەودوا ماوە ماوە لە شوێنی گشتیی نمایشی هاوشێوە بکەنەوە. ئامانجییانە ئەم چالاکییە ببەنە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان. 
 
ستیفان کلینهانس، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شوەیفاتی نێودەوڵەتی - هەولێر: "ئەمڕۆ سەرەتای شتگەلێکی مەزن بوو. بۆیە هەنگە دڵخۆشەکان لە داهاتوودا لە هەموو شوێنێک دەبینن، دەڕۆنە قوتابخانەکان و شوێنە گشتییە جۆراوجۆرەکان. بیرۆکەکە ئەوەیە کە لە رێگەی گۆرانی گوتن و سەماوە پەرە بە پەروەردە بدرێت."
 
وەک ستیفان کلینهانس دەڵێت: "ئێمە نزیکەی 14 کەسمان لە نماییشەکەدا هەبوو. بەڵام کۆمەڵێکی گەورەی قوتابییان خەریکە ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نماییشی لەم شێوەیە ئەنجامبدەن."