لە خانەقین حیزبە کوردییەکان تاوتوێی کێشەی تەعریب و دۆخی ئەمنییان کرد و لیژنەیەکیان بۆ چارەسەر پێکهێنا
رووداو دیجیتاڵ
لایەنە کوردستانییەکان لە خانەقین لەسەر کێشەی تەعریب، دۆخی ئەمنی و کەمیی خزمەتگوزاریی ناوچەکە کۆبوونەوە. جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەموو لایەنەکانی دیکە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون.
حوسێن جەلیل، بەرپرسی مەڵبەندی خانەقینی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان: ئێمە ئەم دەسپێشخەرییەمان کرد کە خەڵکی خانەقین بەیەک ریزی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە دەبووایە ئەمڕۆ یەکێتی و یەکگرتوو ئامادەی ئەم دانیشتنە بونایە. ئەگەر ئیشیان هەبووبێت دەبوایە ئامادەبوونایە، چونکە هیچ شتێک لە خانەقین گرنگترنییە بۆ لایەنە سیاسییەکان.
دووەمجارە لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کۆبوونەوەیەکی حیزبە کوردستانییەکان لەو ناوچانەی کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بەشدار دەبێت.
ئەکبەر حیدەر، بەرپرسی لقی 15ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان: دەبێت ئەو بارەگەیانەی ئێمە کە داگیرکراون، چۆڵبکرێن و رادەستمان بکرێنەوە. ئێمە دەگەڕێینەوە، لە شنگالەوە بۆ خانەقین هەمووی بە یەک پاکێج رێککەوتن کراوە کە بە رێککەوتنی شنگال بەنێوبانگە ئەو رێککەوتنە دەبێت لەوێوە دەستپێبکات، بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت و کەشێکی وا بخوڵقێنن ئێمە بتوانین بگەڕێینەوە.
پەیامنێری رووداو لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و نەمانی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە هاونیشتمانییانی خانەقین دەپرسێت، "داواکاریتان چییە لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە خانەقین؟"
ئەیاد عەباس، فەرمانبەرێکە لە خانەقین و دەڵێت: دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بەتایبەت لە ناوچە دابڕێنراوەکان تەماشادەکەین دەسەڵاتی کوردی لەم ناوچانە نەماون و رووبەڕووی چەندین کێشەبووینەتەوە لەوانە، نەبوونی هێزی پێشمەرگە و نەبوونی دەسەڵاتی کوردی.
ئەیاد عەلی، خانەنشینێکە لە خانەقین و گوتی: داواکاریمان یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان و جێبەجێکردنی ماددەی 140ـە بۆ ئەم شارانە، تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ باوەشی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی خانەقین پێکبهێنرێت و سەردانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ بەدواداچوون لە گرفتەکانی سنوورەکە.