کۆنسوڵخانەی ئەمریکا بۆ پارتی و یەکێتی: ماڵێکی یەکگرتوو، هەمیشە سەرفراز دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

دوای کۆبوونەوەی هەردوو شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "بە پێکەوەکارکردن، ئەوان (پارتی و یەکێتی) دەتوانن هەرێمێکی خۆڕاگرتری کوردستانی عێراق دروستبکەن. ماڵێکی یەکگرتوو، هەمیشە سەرفراز دەبێت." 
 
ئەمڕۆ شەممە 28-01-2023، شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی چوونە بارەگای مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە سلێمانی. کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاژێری خایاند.
 
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوون لە؛ مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، د. هێمن هەورامی، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. ئومێد سەباح و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی.
 
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکهاتبوون لە؛ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، د. دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و د. میران محەممەد و ئەحمەد عەسکەری.
 
کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و گوتی، "پێشوازی لە هەنگاوەکانی هاوبەشانمان لە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ باشکردنی پەیوەندییە نێوخۆییەکانیان لە پێناو بەرژوەندیی خەڵکەکەیان، بە پێکەوەکارکردن، ئەوان دەتوانن هەرێمێکی خۆڕاگرتری کوردستانی عێراق دروستبکەن. ماڵێکی یەکگرتوو، هەمیشە سەرفراز دەبێت."
 
دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، "هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا" کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، "بارودۆخی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و ناوچەییەکان و راوسەرنج و تێبینیی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بە رێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لە دەرفەتێکی نزیکدا کۆبوونەوەی دیکەی هەردووشاند ئەنجامبدرێت."