حیزبە کوردستانییەکان لە خانەقین کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، حیزبە کوردستانییەکان لە شاری خانەقین کۆدەبنەوە، یەکێک لەوانەشی کە بڕیارە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات دەڵێت، ئامانجیان گفتوگۆکردنە لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری لە ناوچەکە.
رۆژی شەممە، 28-1-2023، گۆران رەحیم، بەرپرسی لقی گەرمیانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کە بڕیارە بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکان لە گەرمیان و خانەقین بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کراون لە خانەقین، مەبەستمانە لەبارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاریی ناوچەکەوە گفتوگۆ بکەین".
کۆبوونەوەکە لە مەڵبەندی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە خانەقین بەڕێوەدەچێت. گۆران رەحیم دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی کەمیی خزمەتگوزاری لە خانەقین، هەروەها دۆخی ئەمنیی سنوورەکە گفتوگۆ دەکەین کە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر هێزە کوردییەکان هەشبن دەسەڵاتیان کەمە و هێزە عێراقییەکانیش زۆر جار وەکو پێویست نەیانتوانیوە ناوچەکە بپارێزن".
پێشتر و رۆژی 5-9-2022، نۆ حیزبی کوردستانی لە خانەقین بە هەمان مەبەست کۆبوونەوە، کە بریتیبوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان و سۆسیالسیت دیموکراتی کوردستان.
کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە خانەقین لە کاتێکدایە وا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی لە شاری سلێمانی کۆببنەوە.
لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە لە شاری خانەقین کەمترین پڕۆژەی خزمەتگوزاری کراوە و بەهۆی هەبوونی ناوچەی بۆشایی ئەمنیش لە نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، چەندین گوندی کوردنشینی سنوورەکە چۆڵکراون.