کەشناسی: لێزمەباران و بەفر دەبارێت

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لە هەندێک شوێن لێزمەباران و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت. کەشناسێکیش هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات لە هەندێک ناوچەدا.
 
کەشناسی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، سەرەتا نمەباران و بارانى مامناوەند لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەبارێت، لە نیوەڕۆ بەدواوە کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، شەپۆلەکە هەورەبروسکەشی لەگەڵ دەبێت. پێشبینیش دەکرێت بۆ کاتەکانی شەو رێژەی دابارین زیاد بکات و هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ لێزمەباران. لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت."
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممە، کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، دواتر دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور؛ لە کاتەکانی بەیانیدا نمەباران لە هەندێک ناوچە دەبارێت، هەندێک کاتیش لە ناوچە شاخاویەکان بارانی مامناوەند دەبارێت، لە دوای نیوەڕۆی شەممەش کۆتایی بە شەپۆلەکە دێت."
 
زەکەریا سەڵاح، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت، "لە ئەمشەوەوە شەپۆلەکە دەبێتە سەرتاسەری و لە چەند ناوچەیەکی سلێمانی و هەولێر لێزمەبارانە و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە."
 
ئەو کەشناسە دەشڵێت، "لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەری بەفر بارین هەیە و لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆشەوە خێرایی با بۆ سەروو 45 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا زیاد دەبێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە