رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانیی تورکیاوە هاونیشتمانییانی ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''لە سەرێکانی تەنیا نزیکەی 45 کورد ماون''.
ئەمڕۆ (هەینی، 27-12-2024)، جوان عیسۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هێڤیدار زانا پێشکێشیکرد، رایگەیاند، دۆخی ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی بەهۆی نائارامی و ناسەقامگیریی ناوچەکەوە زۆر خراپە.
جوان عیسا گوتی: ''ئێستاش کە دەسەڵاتی ئەسەد نەماوە، دۆخی ئاوارەکان روون نییە و ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لەژێر داگیرکاری و بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانیدان.''
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە لایەن دەستەی تەحریری شام لە 8ـی ئەم مانگەدا، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا ناوچەکانی شەهبا و منبجیشیان کۆنترۆڵکرد کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دا بوون. ئەوە وایکرد خەڵکی ئەو دوو ناوچەیە کە بەشێکیان ئاوارەی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بوون، ئاوارە ببنەوە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا تەنیا نزیکەی 45 هاونیشتمانی لە سەرێکانی ماون، چونکە ناوچەکە رووبەڕووی تاڵانکردن و وێرانکاریی زۆری بووەوە و ئەگەر کەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە، بەو دۆخەی ئێستا ناتوانێت بژیت.
بەگوتەی جوان عیسا، سوپای تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر شوێنە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاری جیدی بکەن بۆ ئەوەی سەرەتا ئاوارەکان لە دەوروبەری سەرێکانی و گرێ سپی نیشتەجێ بن، چونکە بەر لە گەڕانەوەیان، پێویستە ئارامی و ئاسایشی بەرقەرار بێت و دەوڵەتی تورکیا و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە ناوچەکە بکشێنەوە".
جوان عیسا گوتی، ئاوارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لە سێ کەمپ، ژمارەیەک گوند و شار لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیشتەجێبوون و ژمارەیەکی زۆریشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات.
تشرینی یەکەمی 2019 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هێرشیانکردە سەر سنووری گرێ سپی و سەرێ کانی و داگیریان کردن. بەو هۆیەوە بەشی زۆری هاونیشتمانییان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ