ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین: نزیکەی 4 هەزار خێزانی کورد گەڕاونەتەوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ماڵباتێکی عەفرین کاتێک ئاوارەی عەفرین بوون؛ وێنە: رووداو
ماڵباتێکی عەفرین کاتێک ئاوارەی عەفرین بوون؛ وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، لە 25 رۆژی رابردوودا نزیکەی چوار هەزار خێزانی کورد گەڕاونەتەوە عەفرین؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئاستەنگی زۆر بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییان دروست دەکرێت. بۆ نموونە، باجیان لێوەردەگیرێت و زیاتر لە 200 کەسیش دەستگیرکراون''. 
 
رۆژی هەینی، 27-12-2024،  ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، رایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عەفرین بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نزیکەی چوار هەزار خێزان گەڕاونەتەوە.
 
ئەحمەد حەسەن گوتی، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچەکانی تەبقا، رەققە و منبجیش گەڕاونەتەوە و ''ئێستا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەبن. گەڕانەوەیان بەهۆی نەبوونی بازگەوە ئاسانە، بەڵام ئاستەنگیی زۆریشیان بۆ دروست دەکرێت.'' 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین لەبارەی ئەو ئاستەنگییانەی کە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ئاوارەکانی عەفرین دروست دەکرێت، گوتی: ''لە سووریا گۆڕانکاریی زۆر روویداوە، بەڵام لە عەفرین ئەوەی هەبوو وەک خۆی ماوە و ئێستاش باج لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت و زیندانیکردن و دەستگیرکردنیش هەن.''
 
دوای هێرشی دەستەی تەحریری شام لە 27ـی تشرینی دووەم، کوردانی ئاوارەی عەفرین ناچاربوون شارۆچکەکانی تەلرەفعەت و چەندین ناوچەی دیکە لە باکووری شاری حەلەب جێبهێڵن و کەوتنەوە دۆخێکی خراپ. ژمارەیەکیان گەڕانەوە عەفرین و ئەوانی دیکەش چوونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
بە گوتەی ئەحمەد حەسەن، ئەو هاونیشتمانییانەی دەگەڕێنەوە عەفرین، لە دڵەڕاوکێ و دۆخێکی خراپدان و ''لێکۆڵینەوەی ئەمنی لەگەڵ گەنجان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانن چەکداری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون یان نا.''
 
ئەو پەرپرسەی ئەنەکەسە ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی 200 هاونیشتمانی لەلایەن چەکدارانەوە لە عەفرین دەستگیرکراون، کە زۆربەیان گەنجن و کچیشیان لەنێودایە و بۆ ئازادکردنی هەر کەسێک داوای 500 بۆ 700 دۆلار دەکەن.
 
وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ عەفرین، باج لە ئاوارەکان وەردەگیرێت و هەر خێزانێک دەبێت 700 بۆ هەزار دۆلار بدات؛ گوتیشی، ئەو عەرەبانەی کە دوای ئاوارەبوونی هاونیشتمانییانی عەفرین ماڵەکانیان لێ داگیرکردن، خەریکە ناوچەکە چۆڵ دەکەن.
 
''ئەو کەسانەی عەفرین جێدەهێڵن و دەچنەوە ئیدلب و ناوچەکانی دیکەی سووریا، زۆر زیاترن لە کوردانی ئاوارە کە دەگەڕێنەوە شارەکە.'' ئەحمەد حەسەن وای گوت.
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین ئاماژەی بەوەش کرد: ''لەنێوان ئەو عەرەبانەی کە عەفرین جێدەهێڵن، کەسانی چەکداریش هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی چەکدارانی ناوچەکە.''
 
ئاداری 2018 عەفرین لەلایەن تورکیا و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریای نزیکی داگیر کرا. بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی دوای تەقینەوەکەی منبج.

هەسەدە: ئێمە لەپشت تەقینەوەکەی منبجەوە نین

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج-ی سەر بە هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرکۆنەی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی دوێنێ شەوی منبج دەکەین. هەر تێوەگلانێکی هێزەکانمان لە هێرشەکە دا رەتدەکەینەوە."