رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، نیسانی داهاتوو کۆنگرە دەبەستن.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی دوێنێی سەرکردایەتیی حیزبەکەماندا بڕیاردرا لە نیسانی داهاتوودا کۆنگرەی حیزبەکەمان ببەسترێت. بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی ئامادەکاری پێکدەهێندرێت."
عەبدولستار مەجید دەڵێت: "لەو کۆنگرەیەدا گۆڕانکاری لە هەیکەلی حیزبی و پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکەمان دەکەین. دەکرێت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، بەشێک لە ستراتیژییەتی کارەکانیشمان بگۆڕین".
لەبارەی ئەگەری گۆڕانکاریی هەڵوێست لە بڕیاری بەشدارینەکردنیان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری گوتی: "سوورین لەسەر بڕیاری بەشدارینەکردنمان. کۆنگرە بەرزترین شوێنی بڕیاردانە لە حیزبەکەمان. ئەگەریش گۆڕانکاری هەبێت، ئەوا لە کۆنگرە یان لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنی باڵادا بڕیار دەدرێت."
بە گوتەی عەبدولستار مەجید، "لە کۆنگرەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆک هەڵدەبژێردرێن، بەڵام هیچکام لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە ناتوانن خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزب بەربژێر بکەن."
لە 18 و 19ـی شوباتی ساڵی 2021 کۆمەڵی دادگەری چوارەمین کۆنگرەی خۆی بەست و لە 15ـی نیسانی هەمان ساڵ، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی نێو کۆنگرەی حیزبەکان دەکات، بڕیار و گۆڕانکارییەکانی کۆنگرەکەی پەسندکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ