لە ئێران مەترسیی لە سێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسیی کورد هەیە

رووداو دیجیتاڵ 

لە گرتووخانەی ناوەندیی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەندکراوێکی کورد بە ناوی محەمەدڕەزا میهرەبان لەسێدارەدرا، هەروەها بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی داود عەبدوڵڵاهی لە گرتووخانەی قزڵ حیساری کەرەج بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و مەترسیی لەسێدارەدانی هەیە.
 
هاونیشتیمانییەکی خەڵکی شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە بە ناوی محەمەدڕەزا میهرەبان، رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە لە سێدارەدراوە.
 
ئەو هاونیشتیمانییە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەستگیر کرابوو و لەلایەن دادگەی تاوانەکانی سنەوە سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
 
هەروەها بەپێی زانیارییەکان، بەندکراوێکی سیاسی- مەزهەبیی کوردی خەڵکی شاری مهاباد، بە ناوی داود عەبدوڵڵاهی کە لە گرتووخانەی قزڵ حیساری کەرەج راگیراوە، بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە و مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە هەیە.
 
گواستنەوەی داود عەبدوڵڵاهی بۆ ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی قزڵ حیساری کەرەج لە کاتێکدایە کە ئەیووب کەریمی رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023، و قاسم ئابستە، رۆژی یەکشەممە، 05-11-2023، کە هەمان دۆسیەی عەبدوڵڵاهیان هەیە، دوای 14 ساڵ زیندانیکردن لەسێدارە دران.
 
داود عەبدوڵڵاهی لە 07-12-2009، لەگەڵ شەش هاونیشتمانیی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیووب کەریمی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە لەسەر دۆسیەی کوژرانی عەبدولڕەحیم تینا، مەلای مزگەوتێکی مهاباد دەستگیرکران. 
ئەو هاونیشتمانیانە لە کۆتاییەکانی ئاداری 2016 بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئاساییشی نەتەوەیی"، "پروپاگەندە لە دژی حکومەت"، "ئەندامێتیی لە گرووپە سەلەفییەکان" و "گەندەڵیی لەسەر زەوی" دادگاییکران و لە 25-05-2016 بە فەرمی پێیان راگەیێندرا کە سزای سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ 11 بەندکراوی دیکەی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون، 5 کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان، 3 کەسیان خەڵکی ورمێ و 3 کەسی دیکەشیان خەڵکی پارێزگای سنە بوون.
 
بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ساڵی رابردوو 582 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 331 کەس بووە.