رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دوو شوێنی جیاوازی کەرکووک دوو ئۆتۆمبێل گڕیان گرت و شۆفێرەکانیان گیانیان لەدەستدا.
رووداوی یەکەم لە گەڕەکی ئەسرە و مەفقودین بوو، لە نزیک نەخۆشخانەی شیفا، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ژنە مامۆستایەک بوو بەناوی سەنا کازم.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەزگا ئەمنییەکان، هیچ شوێنەواری تەقینەوە یان پێکدادانی ئۆتۆمبێلەکە دەرنەکەوتووە.
ئەوەی لەراپۆرتەکەیاندا نووسییان، تەنیا شۆرتی کارەبایی بوو کە بووەتە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.
دوو برای ژنە مامۆستاکە هاتنە شوێنی رووداوەکە و گوتیان، "گومان لە هیچ دەستێک ناکەین لە پشت رووداوەکەوە بێت".
برایەکی ژنەکە باسی لەوە کرد، "[خوشکەکەم] کوڕ و کچی براکەمی لە قوتابخانە داناوە چونکە خۆی مامۆستایە و دەوام دەکات، پێدەچێت تووشی رووداو بووبێت، خۆمان نازانین چی هۆکارە و بۆچی وای لێهاتووە، تائێستا نازانین رووداوەکە چۆن بووە".
لەهەمان کاتدا، بەڵام لە شوێنێکی جیاوازی نێو شاری کەرکووک ئۆتۆمبێلێکی دیکە گڕی گرت. لەویشیاندا مامۆستایەک سووتا و گیانی لەدەستدا. مامۆستاکە پیاو و تەمەنی 51 ساڵان بوو، پیشەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و ناوی محەممەد حسێن بوو.
عوسمان خەڵەف، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە و دەڵێت، "ئۆتۆمبێلەکە لەوێوە هات ئاگری لێهەڵدەستا، ئێمە لێرەوە هاتینە دەرەوە و ئاگرکوژێنەوەمان پێبوو، نەمانتوانی، زۆر هەوڵماندا جامەکە بشکێنین، بەڵام نەدەشکا، بە زۆر جامەکەمان شکاند، ئاگرەکە خەریکبوو دەکوژایەوە و ئەمبوڵانس هات و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەش گەیشت، پیاوەکەمان دەرکرد نەمابوو، لە کەمەری بەسەرەوە سووتابوو".
بەرگریی شارستانی لە راپۆرتی تایبەت بە رووداوەکە زیاتر پشت بە زانیارییەکانی لێکۆڵینەوەی تاوان دەبەستێت.
بەپێی راپۆرتی لێکۆڵینەوەی تاوانیش هەردوو رووداوەکە بەهۆی لێچوونی بەنزین و شۆرتی کارەباییەوە بووە و کەس تۆمەتبار نەکراوە.
رائید قەیس عەبدولڕەزاق، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی کەرکووک گوتی، "بەداخەوە دوو رووداوی دڵتەزێن بوون لە شاری کەرکووک، رووداوی یەکەم ئاگرکەوتنەوە بوو لە نزیک کۆمپانیای تاریق کە ژنەکە گیانی لەدەستدا، رووداوی دووەم هەر لە واستی بوو و تیمەکان زوو گەیشتن و ئاگرەکەیان کوژاندەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ