بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەولێر

27-12-2023
هەستیار قادر
نیشانەکردن درۆن
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ
 
درۆنێک لە باکوورى فڕۆکەخانەى هەولێر کەوتە خوارەوە کە ئاڕاستەى فڕۆکەخانەکە کرابوو. گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆی بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندووە، بەرپرسیارێتى خۆی لەو ھێرشە راگەیاند و دەڵێت، "بەردەوام دەبین لە هێرشەکان". 
 
چوارشەممە 27-12-2023 پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ئەمشەو درۆنێک لە نزیک گوندی ئاشۆکان، لە باکووری فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتووەتە خوارەوە.
 
بەگوتەی پەیامنێری رووداو "درۆنەکە بەرەو فڕۆکەخانەی هەولێر ئاراستە کراوە، بەڵام بەرلەوەی بگاتە ئامانجەکەی کەوتووەتە خوارەوە.''
 
گرووپێکی چەکداری شیعە کە خۆی بە گرووپى موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق ناساندووە، لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیارێتى خۆی لەو ھێرشە راگەیاند کە ئەمشەو 27ى کانوونى یەکەمى 2023، کرایە سەر بنکەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێرى پایتەخت.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئەو گرووپە ئاماژەى بەوەداوە کە "هێرشەکەیان لە رێگەى درۆنەوە ئەنجامدراوە".
 
 ئەو گرووپە جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەردەوام دەبین لە هێرشکردنە سەر پێگەکانى دژبەرانمان".
 
لە 17ى تشرینى یەکەمى 2023ـەوە، ئەمە 23یەمین هێرشە کرابێتە سەر هەردوو فڕۆکەخانەى هەریر و هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە گرووپى موقاوەمە بەرپرسیارێتى خۆى لە ئەنجامدانى راگەیاندبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە