ئیسپانیا ئامادەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیێتیەکی ئەوروپی لەپێناو پاراستنی کەشتییەکانی دەریای سوور

27-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن دەریای سوور فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی دژی بەکارهێنانی هێزی دەریایی یەکێتی ئەوروپایە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور لە هێرشی حووسییەکانی یەمەن، بەڵام ئامادەیی ئیسپانیای بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیێتییەک بۆ ئەو مەبەستە دەربڕی. 
 
رۆژی چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مەدریدی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی "ئێمە، ئامادەین بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئەتلەنتادا نەبێت."
 
"هێزی دەریایی یەکێتی ئەوروپا لە سۆماڵ" کە بە ئۆپەراسیۆنی ئەتلەنتا ناسراوە، لە ساڵی 2008 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی رۆژئاوای زەریای هیندی و نیمچە دوورگەی سۆماڵ دروستکرا، ئامانجیش لێی پاراستنی کەشتییەکانی ئەو ناوچانە بوو لە هێرشی چەتە دەریاییەکان. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوپەیمانەکانی وڵاتەکەی لە یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ ئاگادار کردووەتەوە لەوەی "ئۆپەراسیۆنی ئەتلانتا نە ئەو تایبەتمەندییە و نە ئەو سرووشتەی هەیە، کە بۆ دەریای سوور پێویستە."
 
دەریای سوور، بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، "بەتەواوەتی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی ئەتلانتا جیاوازە."
 
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا هاوپەیمانییەتێکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
 
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
 
یەکەم هێرشی دەریایی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە، رۆژی 19-11-2023 بوو، کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیانکردە سەر کەشتییەک بە ناوی "گالاکسی لیدەر" و، بە 25 کارمەندەوە رفاندنیان.
 
دوایین هێرشیشیان لە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو کاتێک حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر دوو کەشتی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا".
 
رۆژی 15-12-2023 دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
 
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرگری" دەزانن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سۆران عومەر و لۆگۆی وەزارەتی تەندروستی.

وەزارەتی تەندروستی وەڵامی سۆران عومەر دەداتەوە؛ "بێ ئاگا قسەی لێ دەکات"

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەوەی، پارەی تیمەکانی تەندروستیی کوتانی سوورێژەی نەداوە، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، "بەداخەوە ئەم بەڕێزە بێ ئاگا قسەی لێ دەکات".