بەرهەمی ئەم ساڵی هەنگوینی ورمێ زیاتر لە 30 هەزار تۆنە

27-12-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 30 هەزار تۆن هەنگوین لە لایەن هەنگەوانانی ئەو پارێزگایە بەرهەمهێنراوە کە بەشێکی هەناردەی دەرەوەی وڵات کراوە.
 
پەرویز بوستانچی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری باشترکردنی بەرهەمە ئاژەڵییەکان رایگەیاند، "ئەم ساڵ 30 هەزار و 360 تۆن هەنگوین لەلایەن هەنگەوانانی ئەو پارێزگایە بەرهەم هێنراوە."
 
پەرویز بوستانچی گوتی، "بەشی زۆری ئەو هەنگوینەی لە پارێزگای ورمێ بەرهەمهێنراوە، رەوانەی بازاڕە نێوخۆییەکانی ورمێ و شارەکانی دیکەی ئێران کراوە، هەروەها بەشێکیشی هەناردەی دەرەوەی وڵات و بە تایبەت عێراق دەکرێت و ئەوان هەوڵدەدەن رێژەی هەناردەکردنی بەرز بکەنەوە."
 
بە گوتەی بوستانچی، "لە سنووری پارێزگای ورمێ شەش هەزار و 700 پوورەی هەنگ هەن کە لە یەک ملیۆن و 625 هەزار سندووقی هەنگ پێکدێن و 125 هەزار لەو سندووقانە خۆجێی و یەک ملیۆن و 500 هەزاریشیان مودێرنن و لەو رووەوە پارێزگای ورمێ لەسەر ئاستی ئێران لە ریزبەندی چوارەم دێت."
 
بەرپرسەکەی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ هەروەها دەڵێت، "شەش هەزار و 273 کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە خەریکی کاری هەنگەوانین کە لە رووی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەو بوارەدا کار دەکەن، پارێزگای ورمێ لە سەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت."
 
پەرویز بوستانچی باسی کێشەکانی هەنگەوانانی سنووری پارێزگای ورمێشی کرد و رایگەیاند، "نەختینە و وەبەرهێنان لە بواری هەنگەوانیدا زۆر کەمە، هەروەها یارمەتی دارایی ئەوتۆ پێشکێشی هەنگەوانان نەکراوە، لەلایەکی دیکەوە نەخۆشییەکانی گوڵ و گیا بە هۆی بەکارهێنانی قڕکەری فیبرونیل دەبنە هۆی نەخۆشکەوتنی مێشهەنگ، بۆیە ئەم ساڵ بڕیاردرا کە بەکارهێنانی ئەو جۆرە قڕکەرە لە بواری کشتوکاڵدا بوەستێنرێت."
 
پێشتر خەسرەو شەهبازی، بەڕێوەبەری رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، پارێزگای ورمێ لە رووی بەرهەمهێنانی هەنگوین لەسەر ئاستی ئێران بە پلەی یەکەم دێت و نزیکەی 24%ـی هەنگوینی ئێران لەو پارێزگایە بەرهەمدێت.
 
ساڵی رابردوو، بەرهەمی هەنگوینی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 30 هەزار تۆن بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە