کوردستان
بەرزبوونەوەی ئاگر لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەئاکامی بۆردوومانی تورکیا لە 25-12-2023، وێنە: Delil SOULEIMAN / AFP
هەولێر دیجیتاڵ
بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەندێ ناوچەی رۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان ناڕەزایەتییان دەربڕی، لەئەنجامدا شەش کەسیان دەستبەسەرکران.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023) لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، ناڕەزایی دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، دەستیپێکرد. ئەندام و لایەنگرانی حیزبی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە شەقامی هونەر کۆبوونەوە و ویستیان راگەیێنراوێک لەدژی هێرشەکان بخوێننەوە.
بەڵام پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەک و ئاڵۆزی لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران دروست بوو. لە ئاکامی ئاڵۆزییەکاندا، سەرۆکی لقی دێرسمی دەم پارتی و پێنج کەسی دیکە دەستبەسەرکران.
رێڤەبەریی خۆسەر رایگەیاندووە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەشت کەسی سڤیل و 18 کەسیش بریندار بوون.
دێرسم یەکێکە لە پارێزگەکانی باکووری کوردستان، کە دەکەوێتە ناوچەی رۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ. پایتەختەکەی شاری مامەکییە و رووبەرەکەی 7406 کیلۆمەتر دووجایە. دانیشتووانەکەی کوردی عەلەوین کە بە شێوەزاری زازا قسە دەکەن و شارەکەیان بە دێرسیم ناودەبەن. لە شۆڕشی سەید رەزا دێرسیمیەوە، واتا لە ساڵی 1936ـوە ناوەندێکی بەھێزی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ