دوو گوندی پێنجوێن بۆردوومانکران

رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک فڕۆکە و درۆن گوندەکانی ساڵیاوا و کانی میرانیان لە سنووری قەزای پێنجوێن بۆردوومان کرد. گوماندەکرێت فڕۆکە و درۆنی تورکیا بووبن و گەریلاکانی پەکەکەیان کردبێتە ئامانج.
 
ئەندامێکی رێکخراوی سی پی تی کە هێرشەکان و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران تۆماردەکات دەڵێت، "هێرشەکە بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن بووە و شەش جار سێ گوندیان بۆردومانکردووە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، نزیکەی کاژێر 4ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27-12-2023، چەند درۆنێک کە بەپێی دانیشتووانی ناوچەکە لە سێ درۆن زیاتر بوون، بە چڕی چەند جارێک بۆردوومانی گوندەکانی ساڵیاوا و کانی میرانیان کردووە لە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی.
 
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەکانی ناوچەکە، هێرشەکان بە چەند جارێک و لەرێگەی چەند درۆنێکەوە کراونەتە سەر ژمارەیەک شوێن کە گوماندەکرێت گەریلاکانی پەکەکەی لێبووێت و لە رابردوودا بەو پاساوە چەند جارێک ئەو دوو گوندە بۆردوومان کراون.
 
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، لوقمان لەتیف، گوتەبێژی نەخۆشخانەی قەزای پێنجوێن بە رووداوی راگەیاند، هیچ بریندارێک نەگەیێندراوەتە نەخۆشخانەکەیان "تاوەکو ئێستا کە کاژێر نزیک 5:30ـی ئێوارەیە، لە بوونی بریندار یان ناردنی ئەمبوڵانس بۆ گواستنەوەی برینداران ئاگادار نەکراوینەتەوە، هیچ بریندار یان کوژراوێکیش نەگەیشتووەتە نەخۆشخانەکەمان."
 
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT)ـیی ئەمریکی، رۆژی چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت" هێرشەکان کاژێر 2:50ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 4 بووە، تێیدا فڕۆکەی جەنگیی تورکیا شەش جار هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی ساڵیاوا، میران بەگی کۆماری و وریاوا، لە دوو گوندی یەکەم هێرشەکان زۆر نزیکی گوندەکان بوون، هێرشی سەر گوندی ساڵیاوا کەمێک دوورتر بووە، بەڵام خەڵک بینیویانە."
 
ئەوەشی گوت، "یەکەم هێرش بۆ سەر گوندەکانیان بە فڕۆکەی جەنگی و کاژێر 7:30ـی بەیانی ئەمڕۆ بووە، دواین هێرشیش بە درۆن کاژێر 3:45ـی پاشنیوەڕۆ بووە، واتە ئەو گوندە ئەمڕۆ چوار جار بۆردوومانکراوە، جگە لەوە بە فڕۆکەی جەنگی جارێک گوندی ساڵیاوا و جارێکیش گوندی وریاوا بۆردومانکراون، بەهۆی هێرشەکانیشەوە هاتوچۆی نێوان پێنج گوند وەستێنراوە."
 
هاوکات هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "دەورووبەری کاژێر 6:00 و 8:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دووجار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی تووتەقەڵی لە سنووری قەزای چەمچەماڵ کردووە."