نەخۆشخانەی هیوا: ئەم ساڵ نزیکەی 3,000 تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، ئەم ساڵ نزیکەی سێ هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکراون، رۆژانەش 700 بۆ 800 چارەخواز سەردانی کردوون.
 
رۆژی 27ی کانوونی یەکەمی 2023، د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بە رووداوی راگەیاند، "هۆشیاری تەندروستیی هاووڵاتیان بەرامبەر بە شێرپەنجە بەرزتر بووەتەوە، ئەم ساڵ رۆژانە 700 بۆ 800 کەس سەردانیان کردووین، خزمەتگوزارییان لە ئاستێکی باڵادا پێشکێش دەکرێت، کە بریتین لەو کەسانەی بۆ پشکنین و وەرگرتنی چارەسەر دێنە نەخۆشخانەی هیوا".
 
سەبارەت بە ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا گوتی، "ئەم ساڵ نزیکەی سێ هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون، زۆری ژمارەی تووشبووەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی 99٪ی نەخۆشانی شێرپەنجە، لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا چارەسەر وەردەگرن، بەشێکیشیان دانیشتووانی دەرەوەی سلێمانین و بەهۆی بەرزی ئاستی خزمەتگوزارییەکانەوە، سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن".
 
د. یاد نەقشبەندی ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای قەیرانی ئابووری و کەمیی دەرمان، بەڵام توانیویانە خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکە لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵنەوە، هێشتا زۆرترین نەخۆشی شێرپەنجە لە شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، دێنە نەخۆشخانەی هیوا، بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
 
لەبارەی سندووقی هاوکاری نەخۆشانی شێرپەنجە د. یاد نەقشبەندی گوتی، "یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە کە داهاتی سندووقی شێرپەنجە بە خراپترین دۆخدا تێپەڕیوە، ئەو یاسایەی بۆ سندووقی شێرپەنجە دانراوە، زیاتر لە 10 ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە، لە بودجەی کڕینی دەرمان و گرێبەستەکاندا گرفت دروست ببێت".
 
بەڕێوبەری نەخۆشخانەی هیوا، ئاماژەی بەوەشدا کە "پلانمان وایە ساڵی داهاتوو، کاری جدیی بکرێت بۆ باشترکردنی سەرچاوەکانی داهاتی سندووقی شێرپەنجە، لە ماوەی رابردووشدا، توانیومانە رێکارەکانی وەرگرتنی زەوییەک بۆ باڵەخانەیەکی گەورە و نوێی نەخۆشخانەی هیوا لە شارەوانی تەواو بکەین و دەمانەوێت لە ساڵی داهاتوودا کاربکەین بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نەخۆشخانەکە".
 
رۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2023، شاندێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان کرد، د. یاد نەقشبەندی دەڵێت، "هاتنی شاندەکە بۆ ئەوە بوو، بەدواداچوون بۆ گرفت و پێداویستی نەخۆشخانەی هیوا و هۆکاری سەردانیکردنی نەخۆشی شارەکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بکەن. کاتێک سەردانی هۆڵەکانی نەخۆشخانەکەیان کرد و نەخۆشە عەرەبەکانیان بینی، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە ئاستێکی بەرزی خزمەتگوزاری پێشکێش دەکرێت، شاندەکە بەڵێنیاندا کە کاربکەن بۆ ئەوەی بڕێکی زیاتری دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکەمان دابینبکرێت".