کوردستان
وێنەیەکی ئەرشیڤیی تەقاندنی یاریی ئاگرین بەبۆنەی سەری ساڵ لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر رووداو
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە یاریی ئاگرین قەدەخە کراوە، بەڵام لە بازاڕەکاندا دەفرۆشرێت و لە جەژن و بۆنەکاندا بەکاردەهێندرێن. بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی، ئەمساڵ لە هەولێر 102 رووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە روویانداوە. لەکاتێکدا هیچ رووداوێکی هاوشێوە لە سلێمانی تۆمارنەکراوە.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لەکاتی بۆنەکاندا جەخت لەوە دەکرێتەوە، "یارییە ئاگرینەکان قەدەخەن"، بەڵام بەردەستن و لە زۆرینەی بازاڕەکاندا دەفرۆشرێن. بەگوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانی هەولێر بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری و قەزاکانی کۆیە و شەقڵاوە، هەزار و 961 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون؛ لەو رووداوانەی ئاگرکەوتنەوەش 102ـیان بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بوون.
لە سلێمانیش یاریی ئاگرین قەدەخەیە؛ رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێنان و فرۆشتن و بەکارهێنانی یاریی ئاگرین قەدەخەکراوە؛ بەتایبەت دوای رووداوی هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی قەزای حەمدانییە، ئێستا زیاتر جەخت لە قەدەخەبوونی دەکرێتەوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ لە هیچ ئاگرێک ئاگادار نەکراونەتەوە، کە هۆکارەکەی یاریی ئاگرین بووبێت.
هەر ئەمڕۆ، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاماریان بەردەست نییە کە بزانن چەند رووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە روویداوە؛ گوتیشی، "لە پارێزگای دهۆک بەکارهێنانی یاریی ئاگرین لە شوێنە داخراوەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە."
ساڵانە هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، لە هەرێمی کوردستانیش لە شەوی سەری ساڵدا جگە لە بۆنە فەرمییەکان، چەندین جۆری یاریی ئاگرین لەسەر شەقام و ئاهەنگە گشتییەکاندا دەتەقێندرێن.
شەوی 26ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، لە کاتی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری، ئاگر لە هۆڵی هەیسەم لە حەمدانیە کەوتەوە و لە ئەنجامدا 132 کەس گیانیان لەدەستدا و 175 کەسیش بریندار بوون. لیژنەى لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە رایگەیاند ئاگرەکە بەهۆی یاریی ئاگرینەوە کەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ