رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا کوژرانی 12 سەربازی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکردەوە و گیانلەدەستدانی 59 گەریلا و شەڕڤانیشی راگەیاند.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-12-2023، بەڕێوەچوو و بەرپرسانی باڵای سەربازیی تورکیا بەشداربوون. یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەو هێرشانە کرد، کە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، لە رۆژانی 22 و 23ـی ئەم مانگە لە هەرێمی کوردستان کردیانە سەر سەربازانی تورکیا و گوتی، "بەرامبەر ئەو هێرشە لە باکووری سووریا وعێراقدا بە گشتی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیمان کردە سەر 71 ئامانج. لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیدا 30 تیرۆریست و لە پێکدادانەکان و شێوازی دیکە 29ـی دیکەیان کوژران، کە دەکاتە 59."
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، "هەروەک زۆر جار گوتوومانە و دەیڵێینەوە؛ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی دوایین تیرۆرست لە نێودەبەین."
رۆژانی 22 و 23ـی ئەم مانگە گەریلا و سەربازانی سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان رووبەڕووی یەکدی بوونەوە. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی تورکیا لە 24 کاژێردا 12 سەربازی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون و 13ـی دیکەش بریندار بوون. هەروەها 30 گەریلای پەکەکەش گیانیان لەدەستداوە. بەڵام پەکەکە دەڵێت، 36 سەربازی تورکیایان کوشتووە و دەستیشیان بەسەر 17 چەکی سەربازانی تورکیادا گرتووە.
ئەو شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە، کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18-4-2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان، بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی نزیکەی 850 گەریلا و کوژرانی نزیکەی 130 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی نزیکەی سێ هەزار سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی نزیکەی 400 گەریلای راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ