پارێزەرێکی حکومدراوانی بادینان: یاسای لێبووردنی گشتی سزادراوانی بادینان ناگرێتەوە

رووداو- هەولێر

پارێزەرێکی حکومدراوانی بادینان داوا دەکات بڕگەی 2ی ماددەی 9 لە رەشنووسی پرۆژەیاسای لێبووردنی گشتی بۆ ساڵی 2023 بسڕێتەوە، چونکە بەهۆیەوە 150 چالاکڤان و حکومدراوانی بادینان لێبووردنی گشتی نایانگرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "رەشنووسەکە تەواو نەبووە تاوەکو دیار بێت کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە هێشتا ئەنجوومەنی شورا و پەرلەمانی کوردستانی ماوە." 
 
بەشدار حەسەن، پارێزەرێکی حکومدراوی بادینان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە بڕگە 2ی ماددەی 9ی رەشنووسی یاسای لێبووردنی گشتی بۆ ساڵی 2023دا هاتووە، ئەو تاوانانەی بە ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان گرێدراون لێبووردنی گشتی نایانگرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی ئەم لێبووردنە گشتییە سزادراوان و راگیراوانی بادینان و هەموو زیندانیانی دیکەی سیاسی نەگرێتەوە کە ژمارەیان نزیکەی 150 کەس دەبێت."
 
بەشدار حەسەن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەکات و داوا دەکات رێگری لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بکەن و دەڵێت: "داواکارین بەهیچ شێوەیەک نەهێڵن ئەم یاسایە بەم شێوازە تێبپەڕێنرێت و (بڕگەی 2 لە ماددە 9) بە هەموو شێوەیەک بسڕێتەوە و نەمێنێت، لەبەرئەوەی ئامانجەکە روون و ئاشکرایە کە ئەویش نەهێشتن و بێ ئومێدکردنی دەنگی ناڕازییە لە ئێستا و داهاتوو لە هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی سێشەممە 27-12-2022، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "رەشنووسەکە ئامادەیە کۆکراوەی رەشنووسی ساڵی 2007، 2012 و 2017ەیە، بەڵام ئەوە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و دەکرێتە رەشنووسێکی نوێ و رەنگە هەندێک برگە و مادە زیادبکرێت یاخود هەندێک مادە لاببرێت دیار نییە، چونکە هێشتا نەچووەتە بەردەستی ئەنجوومەنی شورا و پەرلەمانی کوردستانیش."
 
لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تەنیا لیژنەی مافی مرۆڤ بڕیار لەبارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای لێبووردنی گشتی بۆ ساڵی 2023 نادات، پێویستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و تەنانەت بەڕێوەبەری چاکسازییەکان رۆڵیان هەبێت لە نووسینەوەی رەشنووسەکە، چونکە رەنگە هەندێک برگە و مادەی زیاد بکرێت، یاخود لاببرێت قابیلی گۆڕانکارییە، دواجار بەکۆدەنگی بڕیار لەبارەی ئەوە دەدرێت کە ئەو یاساییە کێ دەگرێتەوە. 
 
لە ساڵەکانی 2007، 2012 و 2017دا سێ جار یاسای لێبووردنی گشتی دەرکراوە، رۆژی 19-12-2022، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی کە لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە بە رووداوی گوت: "دوای ئەوەی پرۆژەیاساکە دەگاتە پەرلەمان و ماددەکانی تاوان تاوتوێ دەکرێن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، ئەوکاتە ئاشکرای دەکەن لێبووردنی گشتی کام ماددانەی تاوان دەگرێتەوە."