لە خانەقین گەنجێک زیاتر لە دوو هەفتەیە بێسەروشوێنە

رووداو - رادیۆ

گەنجێکی کوردی دانیشتووی خانەقین زیاتر لە دوو هەفتەیە لە ماڵ دەرچووە و تائێستا بێسەروشوێنە. باوکی ئەو گەنجە بە رووداوی راگەیاند کە کوڕەکەیان دوای تەواوکردنی خوێندن بارودۆخی دەروونیی تێکچووە.
 
گەنجەکە ناوی هاوار قەیس سەعید باجەلانە و تەمەنی 25 ساڵە و دەرچووی ئامادەیی پیشەییە لە خانەقین. قەیس سەعیدی باوکی دەڵێت: لە رۆژی 12-12-2022ـەوە لە ماڵ دەرچووە و تائێستا نەگەڕاوەتەوە.
 
قەیس سەعید، باوکی هاوار بە رادیۆی رووداوی گوت "کوڕەکەم کەسێکی زۆر هێمن و لەسەر خۆ بوو، بەڵام دوای تەواوکردنی خوێندن لە مانگی نیسانی2021ـەوە تووشی گرفتی دەروونی بوو."
 
باوکی هاوار گوتیشی، پێش ئەوەی لە ماڵ بچێتە دەرەوە و بێسەروشوێن ببێت، رۆژانە سەردانی گۆڕستانێکی نزیک ماڵی خۆیانی کردووە و تاوەکو ئێوارە لەوێ ماوەتەوە، بەڵام لە رۆژی دووشەممە 12-12-2022 دوایی ئەوەی لەماڵ چووەتە دەرەوە و تائێستا هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نازانن.
 
کەسوکارەکەی هاوار رۆژانە لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە بەدوای سۆراخی کوڕەکەیاندا دەگەڕێن هەروەها لە بنکەی پۆلیسی خانەقین و کەلار و دیالە سکاڵای ونبوونی کوڕەکەیان تۆمار کردووە. باوکی دەشڵێت "ئەوەی کاری پۆلیسی قوڕس کردووە بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەم نەبوونی کامێرای چاودێرییە لە زۆربەی گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی خانەقین."
 
بەگوتەی باوکی هاوار، کوڕەکەی کاتەکانی رۆژانەی خۆی لە چەند شوێنێکی دیاریکراو بەسەر بردووە، بەتایبەت لەنزیک ئەو گۆڕستانەی کە لە نزیک ماڵیان بووە، بەڵام دوایین رۆژ هاوار لەوێ بەدینەکراوە و لەو کاتەوە هیچ سۆراخێکی نازانن، هاوار دوای ئەوەی تووشی گرفتی دەروونی هاتووە باوکی چەندین جار سەردانی پزیشکی دەروونی پێکردووە، بەڵام کوڕەکەی سوودێکی ئەوتۆی لەم سەردانانەی پزیشک نەبینیوە.
 
قەیس سەعید، داوا لە هاونیشتمانیان دەکات کە هەر کەسێک سۆراخی کوڕەکەی دەزانێت، هاوکاریان بێت لە دۆزینەوەی کوڕەکەی.