دە ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی تێدەپەڕێت

28-12-2021
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی تێدەپەڕێت کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئەنجامدرا و تێیدا 34 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا كه‌ زۆربەیان مێرمنداڵ بوون.
 
کاژێر 11:00ی رۆژی سێشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2021 لە ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژییەکەدا لە رۆبۆسکی رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانییەکانی بەڕێوەدەچێت.
 
10 ساڵ بەر لە ئێستا و له‌ 28ی کانوونی یەکەمی 2011دا، فڕۆكه جەنگییەکانی توركیا لە بۆردوومانێکدا 34 هاونیشتمانیی دانیشتووی گوندی رۆبۆسکیی سەر بە پارێزگای شرناخیان لە سنووری هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان بۆردوومانکرد و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
 
دوای کۆمەڵکوژییەکە، داواکاری گشتیی ئامەد دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ و نیو بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا و بە پاساوی ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە لە دەسەڵاتیاندا نییە، دۆسیەکە گوێزرایەوە بۆ داواکاری گشتیی سەربازیی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا. داواکاری گشتیی سەربازی لە کانوونی دووەمی 2014دا بەبێ سزادانی بکەرانی تاوانەکە، دۆسیەکەی داخست.
 
کەسوکاری قوربانیان لە ساڵی 2016دا دۆسیەکەیان گواستەوە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و لە 17ی ئایاری 2018دا دادگەی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا رایگەیاند، پارێزەرانی کەیسەکە بەڵگەی پێویستیان ئامادە نەکردووە، هەربۆیە دۆسیەکەیان رەتکردەوە.
 
لە 9ی نیسانی 2021دا کەسوکاری قوربانیان بۆ سەرلەنوێ جووڵاندنی دۆسیەی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی، سەردانی دادگەی دەستوورییان کرد.
 
خێزانی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی کۆمەڵکوژییەکە گیانیان لەدەستدا، وەرگرتنی پارەی خوێنیان رەتکردەوە و داوایان کرد بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە بدرێنە دادگا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو رووداوه‌دا تاوەکو ئێستا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ دادگایی نەکراوە.
 
لە ماوەی رابردوودا حەسیپ کاپڵان، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رایگەیاند، دوای کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامی خێزانی قوربانییانی رۆبۆسکی کۆبووەتەوە.
 
حەسیپ کاپڵان کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بوو لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان داوای لە دەمیرتاش کرد نێوەندگیر بێت بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ خێزانی قوربانیانی کۆمەڵکوژیی رۆبۆسکی و لە 26ی تەممووزی 2013 و لەمیانی بەشداریکردنیدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی شەرافەدین ئەلچی لە جزیرەی شرناخ، تاوەکو کاژێر 22:00 ی ئەو شەوە لەگەڵ 5 - 6 خێزانی قوربانییانی رۆبۆسکی کۆبووەوە.
 
کاپڵان ئاکپارتی بە پەردەپۆشکردنی رووداوەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، کەسوکاری قوربانیانی رۆبۆسکی هێشتا لە چاوەڕوانیی دادپەروەریدان.
 
هاوکات عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن رۆژی 6ی نیسانی 2021 لە گوتارێکدا کە لە یەکەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە شاری شرناخ پێشکێشی کرد رایگەیاند، لێپرسینەوەیەکی یاسایی و کاریگەر لەسەر ئەو رووداوە نەکراوە، هیچ کەسێک باجی ئەو رووداوەی نەداوە و پەردەی لەسەر لانەدراوە، تەنانەت تاوەکو ئەمڕۆ کەسێک داوای لێبووردنیشی نەکردووە.
 
دوای ئەو گوتارەی عەلی باباجان، ماڵباتی قوربانییانی رۆبۆسکی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوایان لە باباجان کرد سەردانی داواکاری گشتی بکات و وەکو بەرپرسێکی باڵای ئەوکاتەی حکومەتی تورکیا کە لە کاتی کۆمەڵکوژییەکەدا یاریدەدەری سەرۆکوەزیران بوو، باسی وردەکارییەکانی رووداوەکە بکات و راستییەکان ئاشکرا بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە