یەكێتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی راگەیاند

27-12-2021
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکات و دەڵێت: "وەكو ھێزەكانی كوردستانیش ئەركی سەرشانمانە بەیەك ھەڵوێستی كوردستانییەوە ریزەكانمان پتەو بكەین بەرەو بەدەستھێنانی ئیستحقاقە نەتەوەییەكان و داكۆكیكردن لە شایستە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە بەغدا".
 
گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 27-12-2021 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەكەین لە پەسندكردنی دەرەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە لە رۆژی 10-10-2021 بەڕێوەچوو. وێڕای ھەر تێبینییەك لەسەر پرۆسەكە، پیرۆزبایی سەركەوتنی ھەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستھاتووی ھێزە براوەكان دەكەین".
 
هەروەها ئاماژە بەوەدەکات: "كاتێتی ھەموو لایەنەكان لە وڵاتەكەماندا ھیممەتی سیاسیی دەست پێبكەن بۆ ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پێكھاتەی نوێیەوە و قەوارە و ھێزە سیاسییەكانیش رێوشوێنە دەستوورییەكانی پێكھێنانی حكومەتی نوێ دەستپێبكەن. بۆ ئەم مەبەستەش بەگیانی پەرۆشی و دەربەستی نیشتمانییەوە گفتوگۆ و راوێژی پێویست بكەن لە پێناو پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسیی عێراق، كە تەحەددیاتی زۆری لە پێشە بۆ پاراستنی رەوتە دیموكراتییەكەی".
 
گوتەبێژی یەکێتی داواکارییەک ئاراستەی لایە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێت: "وەكو ھێزەكانی كوردستانیش ئەركی سەرشانمانە بەیەك ھەڵوێستی كوردستانییەوە  ریزەكانمان پتەو بكەین بەرەو بەدەستھێنانی ئیستحقاقە نەتەوەییەكان و داكۆكیكردن لە شایستە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لەبەغدا. قۆناغی نوێ كۆششی نوێ دەخاتە ئەستۆی ھەموومان و وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانییش ھەنگاوەكانی داھاتوومان دەخەینە خزمەتی ئەو ئەركە پیرۆزەوە."
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرەتا 16 کورسی بەدەستهێنابوو، بەڵام دوای ئەوەی تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دا، دوو کورسی دیکەی بە دەستهێنا، کە پێشتر بە بەربژێرانی پارتی درابوو.
 
پارتی دیموکراتی کوردستانیش، کە پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی کرد، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "جەخت لە بەدواداچوونی ئەو ستەمە دەکەینەوە کە لە پارتیمان کرا لە بە ناحەقبردنی دوو کورسی لە کورسییەکانمان".
 
رۆژی دووشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، تانەکانی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی رەتکردەوە، کە داوای کردبوو ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی ئۆکتۆبەر رەتبکرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە. دواتریش ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەسندکرد. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.