وەزارەتی دارایی: ئامادەکردنی لیستی مووچە بۆ دابەشکردنی مووچە نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای ئامادەکردنی لیستی مووچەی سێ مانگی لە وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە، بەڵام دەڵێت ئامادەکردنی لیستەکە بۆ دابەشکردنی مووچە نییە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت کردووە، لیستی مووچەی مانگەکانی 11و12ی2020 و 1ی2021 ئامادە بکەن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرکاتێکدا کە پارەی بەردەست هەبوو.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکە، بە رێژەی لێبڕینی 21% دەبێت و بۆ پلە تایبەتەکانیش بە رێژەی 50% دەبێت، داواکردنی لیستی مووچەی سێ مانگەکە بۆ رێکخستنەوەی لیستی مووچەیە بۆ ساڵی 2020 و ئامادەکردنی لیستی 2021.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچە پێویستی بە نزیكەی 895 ملیار دینارە، بەڵام کۆی مووچەی فەرمانبەرانی بە لێبڕینی 21٪ـەوە 706 ملیار و 187 ملیۆن و 320 هەزار دینارە. 
 
رۆژی 2-12-2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەگەری نەناردنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر لە بەر هەر هۆیەک لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە نەگەیشت، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کورتهێنانە بە قەرز دابین دەکات تا بڕە مووچەی تەرخانکراو لە بەغدا دەگات و دواتر پارەکەی بەغدا لەبری قەرزەکە دەدرێتەوە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 3-12-2020 بە پێدانی مووچەی وەزارەتی تەندروستی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم کرد.