ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای هەولێر: سەری ساڵ ئاهەنگگێڕان قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەخەیە و هەر شوێنێک، هۆتێلێک، کافتریایەک، رێستۆرانتێک یان یانەیەکی شەوانە و هەرشوێنێکی دیکەی هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگگێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 27-12-2020 ، ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر دوای کۆبوونەوەیان راگەیێندراوێکی هەشت خاڵی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، هۆڵهكانی بووكگواستنهوه، ههموو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک قەدەخەیە، هەروەها پرسەدانان لە (هۆڵ، ماڵ، ژێرخێوەت) و رێوڕەسمی سەرقەبران قەدەخەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، داوا لە سهرجهم فهرمانبهرانی فهرمانگهكان دەکات کە "لەکاتی دەوام دهبێت (دهمامك) ببهستن و بەپێچەوانەوە رێكاری كارگێریان لەبهرامبهردا دهگیرێته بهر"، هیچ هاووڵاتییهك و بۆ راییکردنی مامەڵەکانییان بهبێ بهستنی (دهمامك) بۆی نییه بچێته ناو هیچ فهرمانگهیهك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وێڕای پابەندبوونی بەسەرجەم بڕیار و راسپاردەکانی بەیانی ژمارە(57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "سوپاس و ستایشی هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکات بەپابەندبوونیان بە بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی. هەروەها سوپاس و ستایشی یەکە کارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستیی، شارەوانییەکان، هێزەکانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو سەقامگیری ئاسایشی شارەکەمان و تەندروستی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەرکەکانی خۆیان بەوپەڕی دڵسۆزی و بەسەرکەوتووی ئەنجامدەدەن."
دەقی راگەیێندراوەکەی ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.12.27، بهسهرپهرشتی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و تەواوی ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
یەکەم/ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ویڕای پابەندبوونی بەسەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و ستایشی هاوڵاتییانی شاری هەولێر دەکات بەپابەندبوونیان بەبڕیار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی، هەروەها سوپاس و ستایشی یەکەکارگێڕییەکان، تیمەکانی تەندروستیی، شارەوانییەکان، هێزەکانی(پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ) دەکەین، کە جوامێرانە لەپێناو سەقامگیری ئاسایشی شارەکەمان و تەندروستی هاوڵاتییان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی شارەکەمان ئەرکەکانی خۆیان بەوپەڕی دڵسۆزی و بەسەرکەوتووی ئەنجامدەدەن.
دووەم/ سازکردنی ئاهەنگی سەری ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێک یان هوتێلێک یان کافتریایەک یان ڕێستورانتێک، یان یانەیەکی شەوانە یان یانەیەکی وەرزشی و سەنتەرەکۆمەڵایەتییەکان و مۆڵەکان و هەرشوێنێکی تری هاوشێوەیان کە بۆ مەبەستی ئاهەنگ گێڕان ئامادەکرابێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم/ داوا لەهاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، بەو پەڕی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی لەم بارودۆخەدا، لەپێناو سەلامەتی خۆیان و ئازیزانیان پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، هەرکەسێک ڕەچاووی بەستنی (دەمامک) و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆرۆنا نەکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
چوارەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنە بازرگانیەکان، بازار، چێشتخانه)، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن لەبەستنی (دەمامک، دووری مەودای نێوان هاوڵاتییان، دروست نەکردنی قەرەباڵغی، دانانی هێمای نۆرەی هاوڵاتییان لەسەر زەوی بەتایبەتی لای کاشیرەی مۆڵ و مارکێتەکان و پێشوازی هوتێل و موتێلەکان)، ههرشوێنێك ئەم رێنماییانە بەتایبەتی بەستنی(دەمامک)جێبهجێنهكات، لێژنەی قایمقامیەتەکان، تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی، چاودێری بازاڕ، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون، دهستبهجێ شوێنەکە دادەخەن.
پێنجەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، تایبەت، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر بەپێبژردن و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکەی.
شەشەم/ ئەم شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە:- (هۆڵهكانی بووك گواستنهوه، ههموو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک).
حەوتەم/ (پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، بەپێی بەیانی ژمارە (57)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هەشتەم/ سهرجهم فهرمانبهرانی فهرمانگهكان لەکاتی دەوام دهبێت (دهمامك) ببهستن، بەپێچەوانەوە رێكاری كارگێریان لەبهرامبهردا دهگیرێته بهر، هیچ هاوڵاتییهك و موراجعێك بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانییان بهبێ بهستنی (دهمامك) بۆی نییه بچێته ناو هیچ فهرمانگهیهك، بە پێچەوانەوە بەرپرسی فەرمانگەکە ڕوو بەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.12.27