لەڕێگەی کورتەنامەیەکەوە هەموو پارەی نێو هەژماری بانکیی هاونیشتمانییەک دەبردرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ڤەژین موراد
پارەی نێو هەژماری بانکیی هاونیشتمانییەک دەبردرێت
پارەی نێو هەژماری بانکیی هاونیشتمانییەک دەبردرێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هونەر ئیسماعیل دوو مانگە هەژماری بانکیی ئێف ئای بی کردووەتەوە، بەڵام هەژمارێکی ساختە لە واتس ئەپ کورتە نامەیەکی بۆ دەنێرێت و فێڵی لێدەکات، بەوهۆیەوە هەرچی پارەی نێو هەژمارەکەی هەیە کە 900 هەزار بووە، دەبات.
 
هونەر ئیسماعیل، لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئەکاوتنەکە بە ژیریی دەستکردەوە بەستراوەتەوە، فێڵ لە بەکارهێنەران دەکات و هەموو پارەی نێو هەژمارەکەیان دەبات". 
 
ژمارەیەک هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی زیادکردنی پارە و چالاککردنی خزمەتگوزاری پارەدان لە دەرەوەی عێراق دەکەن، دوای ئەوەی بەکارهێنەران پەنجە بە پۆستەکەوە دەنێن، دەگوازرێنەوە بۆ واتس ئەپ.
 
بۆ بەدواداچوون لەسەر کێشەکە، پەیامنێری رووداو قسەی لەگەڵ یەکێک لە ئەکاونتە ساختەکان دەکات. 
 
دوای گفتوگۆکردن لەگەڵی، ئەکاونتە ساختەکە وەکو کارمەندی ئێف ئای بی خۆی دەناسێنێت و داوای ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشان و وێنەی کارتی بانکی دەکات. 
 
دوای ئەوەی بەکارهێنەر زانیارییەکانی پێدەدات، کۆدێکی شەش ژمارەیی بۆ دەنێرێتەوە، ئەگەر بەکارهێنەر کۆدەکە داخڵ بکات تەواوی پارەی نێو هەژمارەکە دەبات. 
 
بۆ بەدواداچوونی زیاتر پەیامنێری رووداو سەردانی بانکی ئێف ئای بی کرد، بەرپرسی بەشی تەکنەلۆجیای بانکەکە هۆکاری بردنی پارەکە رووندەکاتەوە.
 
ئیبراهیم شەماڵ، بەرپرسی بەشی تەکنەلۆجی ئێف ئای بی لەمبارەیەوە گوتی، "بەکارهێنەرەکە خۆی هەموو زانیارییەکانی داوەتە ئەکاونتە ساختەکە، بۆیە ئەوان ناتوانن هیج ریککارێکی یاسایی لە دژی ئەو ئەکاونتە بگرنەبەر".
 
ئیف ئای بی یەکەمین بانکی دیجیتاڵی عێراقییە کە لە ساڵی 2022 دەستبەکاربووە و نزیکەی ملیۆنێک بەکاربەری هەیە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە