شاندی پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات: مەرجی پێشوەختەمان نییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاندی پارتی بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی 10 دەست بە سەردانەکانیان بۆ لای لایەنەکان دەکەن. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێ، بەبێ جیاوازی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەن و "لایەنەکانیش ئامادەییان نیشانداوە."
 
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت "مەرجی پێشوەختە" ـی نییە. ئامانجی ئەوان "حکومەتێکی بەهێزی سەرتاسەرییە." ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو لەگەڵ لایەنەکان دانەنیشن، مامەڵە لەگەڵ ئەو گوتانە ناکەن کە لە راگەیاندنەکان بڵاودەبێتەوە. 
 
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسندکرد کە پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی براوەی یەکەمە، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی هەیە و پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە. 

دڵشاد شەهاب رایگەیاند، "بە گوێرەی رێنماییەکانی سەرۆک بارزانی کە پارتی هەمیشە بۆ دانیشتن لەگەڵ لایەنەکان ئامادەیە و هیچ مەرجێکی پێشوەختە نابێت، دەمانەوێت لەجێی متمانەی دەنگدەرانمان بین."

ئەو ئەندامەی شاندی دانوستاندنکاری پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرنامەی هەڵبژاردنمان روون بووە و بەلای پارتییەوە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی کارێکی نامۆ نییە، بێگومان ئامانجی باشتربوونمان بە بەردەوامی هەیە و کۆمەڵگە هەمیشە بەرەپێشچوونی پێویستە، پارتی حکومەتێکی بەهێز و سەرتاسەری دەوێت کە هاوبەشییەکی بەهێز بێت، بۆئەوەی بەیەکەوە بەرگەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە بگرین و لە ئاست ویست و داخوازییەکانی خەڵک بین."

لە وەڵامی پەیامنێری رووداو لەبارەی وردەکاریی کۆبوونەوەکان، دڵشاد شەهاب رایگەیاند، پەیامیان بۆ هەموو لایەنەکان ناردووە، "ئەوەی ئەمڕۆ پێڕانەگەین رۆژانی داهاتوو پەیامی خۆمانیان پێدەگەیێنین، رەنگە ئەمڕۆ نەتوانین سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بکەین لەبەر ئامادەنەبوونی شاندەکەیان، بەڵام هیچ جیاوازی لەنێوان لایەنەکان ناکەین."

جگە لەو لایەنانەی بەشداریی حکومەت دەکەن، شاندی پارتی بڕیاریداوە سەردانی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بکات، دڵشاد شەهاب دەڵێ: "ئەوانیش بەرپرسیارییەتییان لەسەر شانە و پێکەوە لەم وڵاتەداین."

لەگەڵ ئەو هەنگاوەی پارتی، یەکێتیش شاندی دانوستاندنکاری هەیە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکات، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ پارتی پێکەوە دادەنیشن و گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دەکەن، ژمارەکان لێکدەدەنەوە و لەسەر ئەو بنەمایە داواکاریی خۆیان دەکەن. هەروەها گوتی، مەرجی پێشوەختە قبووڵ ناکەن. 

هاوکات هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیش بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "چاوەڕێمان دەکرد ئەنجامەکان پەسندبکرێن و کران، پێشتریش هەندێک بیروڕا لەگەڵ هەندێک لەلایەنەکان ئاڵوگۆڕ کراوە، پارتی لە ئەمڕۆوە دەست بە سەردانی لایەنەکان دەکات، لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە."

هێمن هەورامی باسی کۆبوونەوەی پەرلەمانی لە 2ـی مانگی داهاتوو کرد، گوتی، "داوامان لە هەموو لایەنەکان هەیە کە لە ئاستی بەشداریی هاونیشتمانییان بین بە بەشدارانی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنەوە، لە سیاسەتیشدا گەشبینی و رەشبینی نییە، بەڵکو واقیعبینی هەیە، ئێمە لە 2ـی مانگ دانیشتنی پەرلەمان دەکەین و هیوادارین تا ئەوکاتە بگەینە رێککەوتن بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێرین، دواتریش هەنگاوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان بکرێت و داواش لە سەرۆکی حکومەت کە مەسرور بارزانییە بکرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا حکومەت پێکبهێنێت."

ئەگەر ئەو هەنگاوانە وەک خۆی بکرێت، وەکو هێمن هەورامی باسی کرد، "لە کۆتایی مانگی یەک یان سەرەتای مانگی دوو کابینەی نوێ پێکدەهێنرێت."

هاوکات یەکێکی دیکە لە پەیامەکانی دڵشاد شەهابیش لەسەر پێکهێنانی حکومەت ئەوە بوو، "گرنگ ئەوەیە لەسەر شێوازێکی دروستی حوکمڕانی و تەحەمولکردنی یەکدی، چونکە تەقیمی حکومەت لەسەر بنەمای سەرجەم وەزارەت و سێکتەرەکان دەبێت و پێویستە هەموومان شان بدەینە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەک لە راهێنانی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ژنانی رۆژنامەڤان

راهێنانی ئەم جارەی رووداو و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنانی هەموو هەرێمی کوردستانە

لە ماوەی 12 مانگدا تۆڕی میدیایی رووداو بە هاوبەشی لەگەڵ سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، راهێنان بە زیاتر لە 300 ژن لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.