رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتی لەسەر پرسی زیندانییان و بێسەروشوێنبووان کۆدەبنەوە.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 27-11-2024)، رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەچنە سلێمانی و لەبارەی بێسەروشوێنبووان و زیندانییانی عەرەبی کەرکووک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
پێشتر رۆژی (13ـی ئابی 2024)، موهەیمەن حەمدانی، پەرلەمانتاری عەرەبی سوننە لە پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، لە چوارچێوەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، لەبارەی دۆسیەی شوێنبزبووان و دەستگیرکراون، رێککەوتنی سیاسی کراوە لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک پێکبهێنرێت، محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و نوێنەرانی عەرەب لەو لیژنەیەدا بەشدار دەبن و سەردانی گرتوخانەکانی سلێمانی دەکەن.
بەگوتەی موهەیمەن حەمدانی، ئەو بابەتە رەهەندێکی یاسایی هەیە، پەنا بۆ دادگەی عێراقی دەبەن، بۆ ئەوەی ئەو زیندانییانە رادەستی کەرکووک بکرێنەوە و دواتر دادگەیی بکرێن و ئەوانەی بێتاوانن ئازاد بکرێن. حەمدانی گوتی "ئەو دۆسیەیە سێ مانگ تێناپەڕێنێت".
یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی جۆجێیی کەرکووک لەنێوان یەکێتی و پارتەکانی ئەو سێ نوێنەرەی عەرەب لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن، ئاشکراکردنی چارەنووس و ئازادکردنی ئەو کەسانەیە کە عەرەبی سوننە دەڵێن لە زیندانەکانی سنووری سلێمانین.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، بڕیارە ئەو کەسانە رادەستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بکرێن بۆ لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی هەر کەسێک هەر تۆمەتێکی لەسەر بێت، رێکاری بەرامبەر بگیرێتەبەر و ئەوەی بێ تاوانیش بێت، ئازاد بکرێت.
رەعد ساڵح کە سەر بە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومە دەڵێت، "لەسەر ئەو پرسە، دانوستانەکانمان لەگەڵ یەکێتی بەردەوامن".
ئەو نوێنەرەی عەرەبی سوننە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ هیچ زیندانییەک ئازاد ناکرێت، بەڵکو ئەوەی هەیە ئەوەیە ئەمڕۆ دەچنە سلێمانی و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر ئەو پرسە کۆدەبنەوە.
یەکێتی لەگەڵ سێ نوێنەری عەرەب و کۆتاکەی کریستیان حکومەتی خۆجێیی کەرکووکی پێکهێناوە.
تاوەکو ئێستا سێ نوێنەری عەرەب و دووی پارتی و دوو نوێنەرەکەی بەرەی تورکمانی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ