رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، حەوت جووتیاری کوردی سنووری پارێزگاکە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیرکران.
جووتیارە کوردەکان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 27-11-2024 لە گوندی حەفتەغار لەکاتێکدا لەسەر زەوییەکانیان بوون، دەستگیرکران. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، بەهۆی جموجووڵی داعش لە ناوچەکە، مانەوەی جووتیاران لەسەر زەوییەکانیان لە شەواندا قەدەخە کراوە.
عامر نووری بە (رووداو)ی گوت، دوای کاژێرێک لە دەستگیرکردنیان، جووتیارە کوردەکان ئازادکران.
پێشتر داعش چەند جووتیارێکی لەو ناوچەیە رفاندووە، بۆیە سوپای عێراق داوای لە جووتیارانی ناوچەکە کردووە نابێت شەوان لەسەر زەوییەکانیان بمێننەوە.
بەشی زۆری جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک، لەلایەن عەرەبی هاوردەوە رێگرییان لێدەکرێت زەوییەکانیان بکێڵن و دروێنە بکەن. ساڵانەش رووبەڕووی ئەم کێشانە دەبنەوە، بۆیە بەشێکیان لەسەر زەوییەکانیان دەمێننەوە و پاسەوانی دەکەن.
عەرەبە هاوردەکانی سنووری سەرگەڕان لە ساڵی 1975 هێنراونەتە سنوورەکە و زەویی کوردیان بە گرێبەست پێدراوە، هەرچەندە لە دوای ساڵی 2003 قەرەبووی مادەی 140یان پێدراوە، بەڵام لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە گەڕاونەتەوە سنوورەکە و داوای زەویی کورد دەکەن.
کێشەی زەویی جووتیارانی کورد بە تایبەت دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 زیادبوو، کاتێک هێزە کوردستانییەکان لەو سنوورە نەمان، عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس گەڕانەوە بۆ داگیرکردنەوەی زەوی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ