چوار ساڵە دانیشتووانی گەڕەکێکی هەڵەبجە داوای گواستنەوەی کارگەیەک دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

کارگەی کۆنکرێتی ئامادەکراو لە هەڵەبجە شەو و رۆژ خۆڵی چیمەنتۆ بەسەر دانیشتووانی گەڕەکی ئەندازیاران بڵاودەکاتەوە. دانیشتووانی گەڕەکەکە چوار ساڵە داوای گواستنەوەی دەکەن.
 
شارەوانیی شارەکە دەڵێت، زەوییان تەرخانکردووە بۆ گواستنەوەی، خاوەنی کارگەکەش دەڵێت: "گواستنەوەی کارگەکە تەنیا لەسەر نووسراوێکی شارەوانی ماوە."
 
کارگەکە لە 2014 دامەزراوە و زەوییەکەی لەلایەن شارەوانییەوە "بێ بەرامبەر" پێدراوە. بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی ئەندازیاران بەهۆی تۆز و خۆڵی بەردەوامی کارگەکە سکاڵایان گەیاندووەتە شارەوانی و دادگە.
 
دابان حەمە عەلی، دانیشتووی گەڕەکی ئەندازیارانە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی:" کارگەکە بەردەوام کاردەکات لەسەر حیسابی خەڵک، شەو ئاسمانی گەڕەکەکەمان دەبێتە یەک پەڵەهەوری چیمەنتۆ. دراوسێم هەیە بەهۆی ئەمەوە تووشی نەخۆشی بووە. تۆزی چیمەنتۆ لە گەڕەکەکەمان دەبارێ. شەو هەبووە لە حەوشە خەوتووم بەیانی هەڵساوم وەک ئەوە وابێ لە کرێکاری هاتبێتمەوە."
 
دانیشتووانی گەڕەکەکە چەندینجار داوایی لابردنی کارگەکەیان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بەڵام بێ ئەنجامبووە.
 
نوورەدین محەممەد، دانیشتووی هەمان گەڕەک، بە رووداوی گوت: "لە خەستەخانەی هیوا ئەو هەموو خەڵکە تووشی شێرپەنجە بووە دوو شتی ئاوهایە، رەخنەیەکی زۆرمان هەیە داوا دەکەین باخچەیەک دروست بکەن بۆ ژینگە بۆ پاکراگرتنی کۆڵانەکانی هەڵەبجە."
 
خاوەنی پێشووی کارگە کۆنکرێتییەکەی هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "کارگەکە بۆ پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی سندووقی دروستکراوە لە 2013 بەپێی گرێبەستێک کە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی داوە، بڕی دوو ملیۆن و 300 هەزار دۆلارم لە پڕۆژەکە خەرجکرد و وەستا، تاوەکو ئێستا پارەکەمان وەرنەگرتووەتەوە."
 
سەردار حەمەئەمین، خاوەنی ئێستای کارگە کۆنکرێتییەکە، بە رووداوی گوت: "لە 2019ـەوە کە ئەنجوومەنی شارەوانیی هەڵەبجە دروستبوو، ئێمە یەکەم کەس بووین نووسراومان کرد و داوامان کرد شوێنمان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات کارگەکە بگوازینەوە. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 7 نووسراوم کردووە."
 
وەک سەردار حەمە ئەمین باسیکرد، سێ هەفتەیە ئەنجوومەنی شارەوانیی هەڵەبجە شوێنی بۆ گواستنەوەی کارگەکە تەرخانکردووە، بەڵام گواستنەوەی کارگەکە تەنیا لەسەر "نووسراوێکی سەرۆکی شارەوانی ماوە".
 
بۆ گواستنەوەی کارگەکە زەوییەک ئامادەکراوە، تاوەکو ئێستا رێکارەکانی پێدانی زەوییەکە بە کۆمپانیاکە تەواو نەکراون.
 
فەرحان عیزەت، گوتەبێژی شارەوانیی هەڵەبجە، لە بەرپرسیار، گوتی: "شوێنی کارگەکە گونجاو نییە و شوێنەکەی کاتی بوو. پشتیوانی داواکاریی خەڵکەکە دەکەین. شوێنێک بۆ گواستنەوەی کارگەکە تەرخان کراوە و رێکارەکان تەواو نەبوون. کارگەکە پێشتر دراوەتە دادگە."
 
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "پێشتر ئەو زەوییە بەبێ گرێبەست دراوە بەبێ بەرامبەر دراوە بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو بۆ ئامادەکردنی کۆنکرێت بۆ پڕۆژەیەک لە پڕۆژەکانی شارەوانیی هەڵەبجە ،بەڵام خودی پڕۆژەکە وەستاوە و کارگەکە دەستاودەستی کردووە. من یەکەم کەس بووم هەستم بە مەترسیی ئەو کارگەیە کرد لەسەر هاوڵاتییان و دەوروبەری کارگەکە، بڕیارمان داوە بە گواستنەوەی کارگەکە. ئێستا تەرخانکردنی زەوی بۆ گواستنەوەی کارگەکە لە قۆناخی کۆتایی دایە."
 
گەڕەکی ئەندازیاران لە دوای ساڵی 2014 دروستکراوە و زیاتر لە 100 ماڵ لەو گەڕەکەن.