رووداو دیجیتاڵ
کشتوکاڵى سۆران دەڵێت، ئەم ساڵ کاتی باران و بەفربارین "ناڕێکبوو"، ئەمەش زیانی بە کۆمەڵێک بەرهەمی ناوچەکە گەیاندووە، بەڵام بەرهەمی برنج ،گەنم و گەنمەشامی بەراورد بە ساڵی پار زیادیکردووە، لە بەرامبەردا سێو، گوێز و هەنگوین کەمی کردووە.
رۆژی چوارشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2024، کامەران حوسێن، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی دواکەوتنی بارانبارین و ناڕێکی کاتی بەفر و باران، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێش ئەوەی باران دەستپێبکات بەفربارین دەستیپێکرد، ئەمەش زیانی بە تەماتە و خەیاری سیدەکان و باڵەکایەتی گەیاند و لەناوچوون."
بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران گوتی: "ئەم ساڵ بەرهەمی گوێز، سێو و هەنگوین لە ناوچەکە کەمی کردووە، ئەوەشی هەیە بێ کواڵێتییە، هۆکارەکەشی بۆ زۆری بارانی ساڵی پار دەگەرێتەوە، کە تاوەکو مانگی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بوو، بووە هۆی ئەوەی شێ زۆر بێت کەڕوو لە گوێزەکان بدات، بەرهەمیان کەمی کرد و کواڵیتیشیان دابەزی."
بەپێی ئامارەکانی کشتوکاڵی سۆران، بەرهەمی گوێزی ئەم ساڵ لە دەڤەری سۆران 1.5 تۆن بووە.
کوێستانەکانی باڵەکایەتی و سیدەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بارن بۆ هەنگەوانی، بەڵام بە گوتەی کامەران حوسێن بەرهەمی هەنگوینیش کەم بووە و ئەمساڵ تەنیا دوو تۆن و 484 کیلۆ هەنگوینیان هەبووە.
بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران دەڵێت، "هەنگەوانانی ناوچەکەمان شەکر بەکارناهێنن بۆ هەنگەکان، هەنگەوانەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی سۆران هەنگەکانیان دەهێنا ناوچەکانمان و تێکەڵی هەنگەکانی ئێمە دەبوون بەڵام ئەوان شەکریان بە هەنگەکانیان دەدا، کە ئەمەش بووە هۆی کەمبوونی بەرهەمی هەنگوین و بێ کواڵیتیبوونی."
سەبارەت بە بەرهەمی سێوی دەڤەرەکەش، کامەران حوسێن گوتی: "بەرهەمی سێویش کەمبووە، ئەم ساڵ تەنیا سێ تۆنمان هەبووە، بەشێکی کەمبوونەکە بەهۆی کەمئەزموونی جووتیارانەوەیە."
هەرچەندە بەرهەمی سێو، هەنگوین و گوێز کەمی کردووە، بەڵام بەگوتەی کامەران حوسێن ئەم ساڵ چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی بە بڕشت بوون.
بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران ئاماژە بەوەشدەکات، "ئەم ساڵ بەرهەمی برنج روو لە زیادبوونە، بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 100 تۆن زیاد بووە. بەرهەمی گەنمەشامیش زیادی کرد و گەیشتە زیاتر لە 1000 تۆن، هەروەها زیاتر لە 6 هەزار و 600 تۆن گەنممان هەبوو."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەم ساڵ 12,412 دۆنم زەوی بە بەروبوومی کشتوکاڵی هاوینە داچێندرا بوو، 60 تۆن و نیو بەرهەمی هەبوو. زۆرترینیش بەرهەمی تەماتەیە، کە نزیکەی 8 تۆنە، کەمترینیش بیبەر بووە کە 160 کیلۆگرامە.
هەر بەپێی ئامارەکان، ئەم ساڵ 31,304 دۆنم زەوی لە سۆران بە بەروبومی زستانە داچێندراوە، کە 293.5 تۆن بەرهەمی هەبووە. زۆرترینی گێزەرە کە 5 تۆن بوو، کەمترینی نۆکە 150 کیلۆگرامە.
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سۆران زیاتر لە 250 هەزار دۆنم زەویی هەیە بۆ چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و،ساڵانە نیوەی زیاتری دەکرێتە تەماتە و خەیار و بەرهەمەکانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ