حکومەت سەرژمێری و قۆناخەکانی تاوتوێ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و تێیدا، پرۆسەی سەرژمێری و قۆناخەکانی تاوتوێ دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیێندراوێکدا زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ی 11ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆدەبێتەوە و دوو بڕگە گفتوگۆ دەكەن".
بەپێی فەرمانگەی میدیا و زانیاری "لە بڕگەی یەكەمدا راپۆرتێك لە لایەن دارا رەشید، وەزیری پلاندانان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و ئاڤاهیان بە سەركەوتوویی لە عێراق و هەرێمی كوردستان كە لە رۆژانی 20-21ی 11ی 2024 بەڕێوەچوو، پێشكەش دەكرێت و قۆناخ و هەنگاوەكانی دیكەی پرۆسەكە تاوتوێ دەكرێن".
ئاماژە بەوەشکراوە، "بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە خستنەڕووی پرۆژە بڕیارێكی پێشنیازكراوە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار".
ئەگەرچی لەم راگەیێندراوەدا باس لە پرسی مووچە نەکراوە، بەڵام بەو پێیەی بابەتێکی گەرمە و دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دواکەوتووە، هەروەها بەپێی سەرچاوەیەک بۆ رووداو، حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە ئەمڕۆ و سبەی سەرووی 700 ملیار دینار بنێرێت، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی مووچەش بکرێت.