سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کۆبووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد و باسیان لە "هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، پارەشۆرینەوە و تاوانی ئەلیکترۆنی" کردووە. 
 
ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرد. لە کۆبوونەوەیەکدا، باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا و هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا کردووە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان دووپات کردەوە و ستایشی رۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیريی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕييه‌كانى".

 

 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا "رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەکو هاوبەشێکی ستراتیژی لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە به‌رده‌واميى پابەنديى وڵاتەکەی کرد بۆ پشتيوانى و هاوكاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق له‌پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا".
 
راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە:
 
 
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 2024/11/27، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ئێڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا کرد. 
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پته‌وكردنى پەیوەندیيەکانی عێراق و هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ شانشینی یەکگرتوو، بەهێزکردنی هاريكاريى هاو‌به‌ش له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تايبه‌تى هاوکاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو، کۆچی نایاسایی، بازرگانی بە مرۆڤ، پارەشۆرینەوە و تاوانی ئەلیکترۆنی، تاوتوێ كران.
 
سەرۆک نێچيرڤان بارزانى، گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و مرۆییەکان و تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان دووپات کردەوە و ستایشی رۆڵی شانشینی یەکگرتووی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیريی هەرێمی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی توانا ئەمنی و کارگێڕييه‌كانى.
 
لاى خۆیەوە، خاتوو کووپەر، سوپاسی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی و ئاماژەی بە به‌رده‌واميى پابەنديى وڵاتەکەی کرد بۆ پشتيوانى و هاوكاری لەگەڵ هەرێمى كوردستان و عێراق له‌پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان لە ناوچەکەدا.
 
هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، پرسى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، گرنگیی جێیه‌جێکردنی ده‌ستووری عێراق و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی وڵات، مه‌ترسییه‌کانی داعش، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخى‌ ئاڵۆزى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە