بەفر رێگەی 283 گوند و ئاوایی لە باکووری کوردستان داخست

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان، رێگەی 283 گوند و شارۆچکە و ئاوایی داخراون، تیمەکانی شارەوانی لە هەوڵی کردنەوەیاندان. 

سێ رۆژە شەپۆلێکی بەفربارین، بەشی باکوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، بەفربارینەکە کاریگەری بەسەر پارێزگاکانی وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیس هەبوو. لەم چوار پارێزگایەدا رێگەی 283 گوند، ئاوایی و ناوچەی نیشتەجێبوون داخراون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە بەفربارینەکەی ئەمڕۆدا رێگەی 158 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای وان، رێگەی 24 گوند لە جۆلەمێرگ، رێگەی 30 گوند لە مووش و رێگەی 71 گوند لە بەدلیس داخراون. 
 
شەپۆلێکی سەرما لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بە جۆرێک لە هەندێک ناوچە پلەی گەرما بۆ ژێر سفری دابەزیوە.
 
سەرما و سۆڵە بە بەفربارین، زوقم و سەهۆڵبەندان پارێزگاکانی شرنەخ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم، چەولیگ، خارپێت، دێرسم و ئەرزینگانیشی بەڕێژەیەکی کەمتر گرتەوە. 
 
لە پارێزگاکانی ئیدر، مەلەتێ، مەرەش، سەمسوور، رووها، مێردین، دیلۆک، سێواس، ئامەد، سێرت و ئێلیهـ  لێزمەباران، تەرزە و زریانە، بۆیە هۆشداری لە روودانی لافاو دەدرێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە