پارێزگاری نوێی کرماشان دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران بڕیاری گۆڕینی پارێزگاری کرماشانی دا و کەسێکی خەڵکی کۆهگیلویە و بۆیەرئەحمەدی وەک پارێزگاری نوێ دیاریکرد.
رۆژی چوارشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2024، فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەی حکومەتدا بڕیاری گۆڕینی پارێزگاری کرماشان درا و پارێزگارێکی نوێ بۆ ئەو پارێزگایە دەستنیشان کرا.
بە گوتەی فاتمە مهاجرانی، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە مەنوچەهر حەبیبی وەک پارێزگاری نوێی کرماشان دەستنیشان بکرێت.
بەو جۆرە مەنوچەهر حەبیبی لە شوێنی محەممەد تەیب سەحرایی دەستبەکار دەبێت.
محەممەد تەیب سەحرایی لە 21-11-2021 لەلایەن کابینەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئێرانەوە وەک پارێزگاری کرماشان دیاریکرا.
مەنوچەهر حەبیبی خەڵکی پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەدی ئێرانە و پێشتر چەندین بەرپرسیارێتی هەبووە.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران گوتیشی، تاوەکو ئێستا 29 پارێزگار بۆ پارێزگاکانی ئێران دەستنیشانکراون.
لە پارێزگاکانی سنە، لوڕستان، ئیلام و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیاری گۆڕینی پارێزگار دراوە و پارێزگای نوێ دیاریکراون.
چاوەڕوان دەکرێت چارەنووسی ئەو پۆستە لە پارێزگای ورمێش یەکلایی بکرێتەوە.
لە پارێزگای ورمێ دوای ئەوەی رۆژی 21-10-2024 محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ئەو کاتی پارێزگاکە وەک پارێزگاری نوێی تاران دیاریکرا، پۆستەکە بە بەتاڵی مایەوە و کاروبارەکان لەلایەن سەرپەرشتیارەوە بەڕێوەدەبردرێن.