تەرمی ئەو منداڵەی لە ئیلام لافاو بردی دۆزرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای 24 کاژێر تەرمی ئەو منداڵە دۆزرایەوە کە لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لافاو بردبووی.
رۆژی چوارشەممە، 27-11-2024، هاونیشتمانییەکی ئیلام بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی لێزمەبارانەوە ئاستی ئاو لە ئاوەڕۆکانی شاری ئیلام بەرزبووەتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، منداڵێکی تەمەن 6 ساڵە بە ناوی مەهسا لە شەقامی عاشوورا کەوتە نێو ئاوەوە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای 24 کاژێر گەڕان لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی تەرمی مەهسا لە گوندی چەم ئاو دۆزرایەوە.
رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2024، ماجید بەیگلەریان، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، "لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکەمانی گرتووەتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە بەشێکی پارێزگاکە هەیە".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی پارێزگاکە، پێویستە هاونیشتمانییان لە چوون بۆ شاخەوانی و شوێنە بەرزەکان خۆیان بەدوور بگرن و لە نزیکبوونەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی لافاویان هەیە خۆیان بپارێزن.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.