لە ئیلام منداڵێکی شەش ساڵان ئاو بردی
رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەی سێشەممەوە منداڵێکی تەمەن شەش ساڵی خەڵکی شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاو بردوویەتی و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 27/11/2024، هاونیشتمانییەکی ئیلام بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە ئاستی ئاو لە ئاوەڕۆکانی شاری ئیلام بەرزبووەتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵە بە ناوی مەهسا لە شەقامی عاشورا کەوتە نێو ئاو و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 18 کاژێرە، 8 تیمی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی هەوڵی دۆزینەوەی ئەو منداڵە دەدەن. ئاماژەی بەوەشکرد، گەڕان بە دوای ئەو منداڵەدا بەردەوامە.
رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2024، ماجید بەیگلەریان، بەڕێوەبەری گشتیی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، "لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکەمانی گرتووەتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو لە بەشێکی پارێزگاکە هەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاونیشتمانییان لە چوون بۆ شاخەوانی و شوێنە بەرزەکان خۆیان بەدوور بگرن و لە نزیکبوونەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی لافاویان هەیە خۆیان بپارێزن.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین و سەرما بەشی زۆری رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.