سوپای عێراق لە گوندێکی حەفتەغار پێنج جووتیاری کورد دەستبەسەر دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی حەفتەغاری قەزای داقووق گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان ژمارەیەک جووتیاری کورد و عەرەبی هاوردە لە گوندی مەنسوور دروست بوو.
 
جووتیارانی گوندی مەسنوور دەڵێن "لەکاتێکدا سەرقاڵی کێڵان و تۆوکردنی زەوییەکانمان بووین، ژمارەیەک عەرەبی هاوردە هەڵیانکوتایە سەرمان و داوای چۆڵکردنی زەوییەکانیان لێکردین، لە ئەنجامدا گرژی و پێکدادان لەنێوانمان دروست بووە."
 
دوای ئەو ئاڵۆزییە، سوپای عێراق دەگاتە ناوچەکە و پێنج جووتیاری کورد و ژمارەیەک عەرەبی هاوردە دەستگیردەکات.
 
ئێستا سوپا لە گوندەکە جێگیر بووە.
 
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی کە خۆی خەڵکی سنووری حەفتەغازە، لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: عەرەبی هاوردە هێرشیان کردووەتە سەر جووتیارانی حەفتەغار. جووتیارانی حەفتەغار تەنیا داکۆکیان لە خۆیان کردووە، کەچی سوپای عێراق لەجیاتی ناوبژیوانی، پشتی عەرەبی هاوردەیان گرتووە و وێڕای بێرێزی و لێدان، پێنج لە جووتیارانی ئێمەیان دەستگیرکردووە.
 
ناوچەی حەفتە‌غار ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەرفراوانە لە سنووری قەزای داقووق لەدووری 15 کیلۆمەتر لە شاری کەرکووک.
 
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و باڵادەستیی سوپای عێراق لە ناوچەکە، ساڵی 2018 بەشێک لەو عەرەبە هاوردانەی گەڕابوونەوە شوێن و ماڵی خۆیان، دووبارە گەڕانەوە گوندەکانی حەفتەغار و کێشەی زەویوزار لەنێوان ئەوان و جووتیارانی کوردی ناوچەکە سەریهەڵداوە.
 
بەپێی دوایین بڕیاری لیژنەی باڵای ماددەی 140ـی حکومەتی عێراق کە لە 16-11-2023 دەرچووە، ئەو عەرەبە هاوردانەی زەوی کشتوکاڵییان لە سنووری کەرکووک وەرگرتووە، پێویستە زەوییەکانیان لێی وەربگیرێت و لە ناوچەکانی خۆیان زەویان پێبدرێت.
 
سەرەڕای بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ماددەی 140 و دەقی روونی دەستوور و بڕیار و رێنماییەکانی کابینە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق، هێشتاش عەرەبی هاوردە ناوە ناوە هەڵدەکوتنە سەر ئەو زەوی و موڵکانەی لە سەردەمی بەعس و لەچوارچێوەی پرۆسەی تەعریب پێیان درابوو.