بەڵێندەرانی سلێمانی: ئەگەر حکومەت وەڵاممان نەداتەوە پەنا بۆ بەغدا دەبەین

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆكی یەكێتیی بەڵێندەرانی سلێمانی دەڵێت، زیاتر لە 10 ساڵە 70 ملیۆن دۆلاری بەڵێندەران لە پرۆژەکانی پترۆدۆلار لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام حکومەت ئامادە نییە گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت. سەرۆکی یەکێتییەکە هەڕەشە دەکات و دەڵێت ئەگەر گوێ لە داواکانمان نەگیرێت "پەنا بۆ بەغدا دەبەین".
 
رۆژی دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023، ئالان كوێخا كەریم، سەرۆكی یەكێتی بەڵێندەرانی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە ساڵی 2014ـەوە بودجەی بەڵێندەران بەتەواوەتی وەستاوە لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا جاروبار وەکو خێر بڕە پارەیەکیان پێداوین".
 
ئەمڕۆ یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی کۆبوونەوە و لیژنەیەکیان پێکهێنا بۆ ئەوەی سەردانی لایەنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و سەرۆکی یەکێتییەکەش دەڵێت؛ "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵاممان نەداتەوە، پەنا بۆ بەغدا دەبەین".
 
ئالان كوێخا كەریم گوتی، "هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسان قسە بکەین و بیانبینین، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە، بۆیە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت، لیژنەکەمان پەنا بۆ بەغدا دەبات بۆ چارەسەری گرفتەکانمان".
 
بەگوتەی ئالان كوێخا كەریم، دۆخی سەرجەم بەڵێندەران لە هەرێمی کوردستان خراپە، بەڵام وەکو ئاماژەی پێدەدات، "ئەو بەڵێندەرانەی بودجەی پرۆژەکانیان لەسەر پترۆدۆلار دابینکراوە، دۆخیان لە هەموان خراپترە و کەمترین پارەیان پێدراوە و ئێستاش دیار نییە پارەکانیان لای کێیە".
 
سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان پارەیان هەیە، بەڵام نازانن پارەکانیان لەکوێیە و دەشڵێت، "لیژنەیەک پێکهێنرابوو بۆ بەدواداچوونی کێشەکانمان، بەڵام لیژنەکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشایەوە".
 
لەبارەی چارەنووسی پارەکانیان کە پێشتر حکومەت بۆی تەرخانکردبوون، ئالان كوێخا كەریم گوتی، "پێشتر پارەکانمان لە بانکی کوردستان بوو، ئێستا بانکی کوردستان دەڵێت، پارەکانتان لای ئێمە نەماوە و داومانەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران".
 
ئالان كوێخا كەریم باس لەوە دەکات، تەنیا لە پرۆژەکانی پترۆدۆلار زیاتر لە 70 ملیۆن دۆلاریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەشڵێت، "تائێستا چەندین جار داوای بینینی سەرۆکی حکومەتمان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە کێشەکانمان بگرێت، بەڵام هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە، بۆیە ئەگەر ناچار نەبین، پەنا بۆ بەغدا نابەین".