رووداو دیجیتاڵ
پرۆگرامی بینگ چات کە لە بواری نووسین بە ژیری دەستکرد بەرهەمەکانی پێشکێش دەکات، توانای دەربڕینی بە زمانی کوردی گەیشتووەتە ئاستی نووسینی هۆنراوە، بەڵام بە ئاستی منداڵێکی تەمەن دەوروبەری دوو ساڵان.
بینگ چات لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە خاوەندارێتی دەکرێت و بۆ یەکەمجار لە مانگی 2ـی ئەم ساڵ خرایە بەردەست بەکارهێنەران.
پۆرتاڵی رووداو داوای لە بینگ چات کرد هۆنراوەیەکی کوردی لەبارەی کوردستان بنووسێت، ئەمەی خوارەوە وەڵامەکەی بوو:
وەک دیارە، ئاستی زمانی نووسینی هۆنراوەکە سەرەتاییە و ئاستی دەربڕینی وشەکانیش وەکو منداڵێکی دەوروبەری دوو ساڵان دەردەکەوێت کە تازە فێری قسەکردن بووبێت.
لەم ڤیدیۆیەشدا، داوامان لە بینگ چات کرد، بە کوردی قسە بکات و هۆنراوەیەکی دیکە لەبارەی پاییز بنووسێت:
چەندین هۆکاری بنچینەیی بۆ لاوازیی رێکخستنی وشە کوردییەکان لەو هۆنراوەیەدا هەن، یەکێکیان ئەوەیە کە زمانی کوردی-سۆرانی بەراورد بە زمانەکانی دیکە بەکارهێنانی کەمترە لەنێو ئینتەرنێتدا، هەر ئەوەش پرۆسەی بەشداریی زمانەکە خاوتر دەکاتەوە.
ئێستا لە پیشەسازیی نووسین بە ژیری دەستکرد دوو پرۆگرامی زۆر بەهێز هەن و کێبڕکێی یەکتر دەکەن، ئەوانیش ChatGPT و Bing Chatن، کە هەردووکیان مۆدێلی زمانی GPT بەکاردەهێنن.
مۆدێلی زمانی GPT لەلایەن کۆمپانیای OpenAI، لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا پەرەی پێدراوە کە لە هەمان کاتدا خاوەندارێتی ChatGPTیش دەکات.
مایکرۆسۆفت زۆرترین پشکی لە کۆمپانیای OpenAI هەیە و مافی بەکارهێنانی مۆدێلی زمانی GPT لێ وەرگرتووە.
ئەگەرچی وادیارە پرۆگرامی ChatGPT بتوانێت وردەکاری زیاتر لەسەر پرسیارەکانی بەکارهێنەر بخاتەڕوو، بەڵام پێویستی بە مانگانەی 20 دۆلارە، ئەگەرنا زانیارییەکانی لە ساڵی 2021 تێپەڕناکات، بەڵام بینگ چات خۆڕاییە و زانیارییەکانیشی راستەوخۆن و پەیوەندییان بە ئەمڕۆی ئینتەرنێتەوە هەیە.
وا باوە کە مرۆڤ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و بۆ گێڕانەوەی دەماودەمی مێژووی خۆی هۆنراوەی داهێناوە، بەڵام جارێ روون نییە ژیری دەستکرد بۆچی هۆنراوە دادەهێنێت و لە داهاتوودا دەیەوێت کام چیرۆک و بۆ کێی بگێڕێتەوە؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ