رووداو دیجیتاڵ
عەرەبە هاوردەکان لەسنووری حەفتەغاری داقووق لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەستیان بە کیڵانی زەویی جوتیارانی کورد کردووە. دوای ئەوەی کوردانی ناوچەکە بەوەیان زانی، هەوڵی رێگریاندا، بەڵام هاوردەکان بەتەقە وەڵامی رێگرییەکانیان دایەوە.
سوپای عێراق کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان چووبوونە ناوچەکە، چوار جووتیاری کوردیان دەستگیرکرد و هەڵمەتی گەڕان و پشکنینیان لەئاوایی مەنسووڕ ئەنجامدا.
جوتیارانی کورد هێزە سەربازییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پشتیوانی لە هاوردەکان دەکەن و لەدوای هەر کێشەیەک خەڵک هەراسان دەکەن.
عومەر محەممەد، جووتیاری سنووری حەفتەغار دەڵێت، "عەرەبەکان تەقەیان لێمان کرد. ئێستا کوڕەکەم گیراوە، سێ کەسی لەگەڵ گیراوە، بەڵام ئەوان یەک کەسیان لێگیراوە، یەک چەکیان لێگیراوە، لەکاتێکدا بە سێ چەک تەقەیان لە ئێمە دەکرد."
عەبدولقادر محەممەد، جووتیارێکی دیکەی سنووری حەفتەغارە و دەڵێت، "ئەوان بە شەش تراکتۆرەوە جووت دەکەن، ئێمە چووین، هەرکە تراکتۆرەکانمان گەیشتن، سوپا بەرە ئێمەوە هات. ئەوان تەقەیان لە ئێمە دەکرد، سوپا ئەوانی نەگرت و ئێمەی گرت."
خەڵکی ناوچەکە لەسەر هەڵکوتانە سەر ماڵان بەبێ فەرمانی دادوەر، سکاڵایان لەسەر هێزە سەربازییەکان تۆمارکرد.
دوو پەرلەمانتاری کورد لەسەر ئاڵۆزییەکان لەگەڵ فەرماندەکانی سوپا کۆبوونەوە و دوای ئەوە جوتیارە دەستگیرکراوەکان ئازادکران و بڕیاردرا رێگری لە هەر کارکردنێک لەسەر زەوییەکان بکرێت کە کێشە لەسەرن.
سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "گرێبەستێک لەنێوانیاندا هەیە بۆ ئەوەی زێدەڕۆیی لەسەر ئەو زەوییانە نەکەن تاوەکو جێبەجێ کردنی بڕیاری سەرکردایەتی ئەو زەوییانە بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان دەگەڕێنەوە. وا دیارە زێدەڕۆیی کراوە و ئەو کێشەیە دروستبووە. ئێستا بڕیارماندا بەیانی کاژێر 11:00 ئەو لیژنەیە لە قایمقامییەتی قەزای داقووق، قایمقام و لیژنەی نوێنەری سەربازی و نوێنەری یاسایی و نوێنەری کشتووکاڵی کەرکووک ئەو کێشەیان بۆ چارەسەر بکەن و ئەو سنوورەیان بۆ دیاریبکەن، گرێبەستێکی لەسەر دەکەن بۆ ئەوەی چیدی کەس زێدەڕۆیی نەکات."
لەسنووری حەفتەغار زیاتر لەحەوت هەزار دۆنم زەوی چاوی هاوردەکانی لەسەرە کە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعس لە کورد داگیرکرابوون.
لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، هاوردەکان بە هاوکاریی هێزە سەربازییەکان گەڕێندراونەتەوە ناوچەکە و هەوڵی دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەو زەوییانە دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ