دڵشاد شەهاب: هیچ کێشەیەک لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 25-02-2024 دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پرس و راوێژ لەگەڵ لایەنەکان رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکردووە و هەمووان کۆکن لەم رۆژەدا هەڵبژاردن بکرێت. 
 
دەستبەکاربوونەوەی وەزیری پێشمەرگە
 
رۆژی دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی بە دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێری راگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە دەستخۆشی کرد و خۆشحاڵی خۆی پێشاندا، ئەوە ئەنجامی هەوڵی بەردەوامی هەموو لایەک بوو، بەتایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە زۆر بە خەمی ئەو پرۆسەیەی بوو". 
 
رۆژی 27-11-2023 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە دابڕانی، جارێکی دیکە گەڕایەوە وەزارەتەکە و دەستی بە کارەکانی کردەوە.
 
دڵشاد شەهاب گوتی: "بۆ زەروورەتی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئێستا کە بەرنامەیەکی بەرفراوانیان بۆ چاکسازی و رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، نەبوونی وەزیری پێشمەرگە کاریگەری بەجێهێشتبوو، ئێستا کە گەڕاوەتەوە سەر ئەرکەکەی، دڵنیام رەنگدانەوەی ئەرێنیی دەبێت و پرۆسەی چاکسازی و باشترکردنی نێو وەزارەتی پێشمەرگە ئاسانتر بەڕێوەدەچێت".
 
بڕیارە رۆژی 02-12-2023، لیوای 20ـی هاوبەشی عێراق دەستبەکاربن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵیت؛ "پێکهێنانی ئەو هێزە هاوبەشانە جگە لەوەی دڵنیاییەک دەدات بۆ هاوئاهەنگی و هاوکاری باشتر، ئەو بۆشاییە ئەمنییەش پڕدەکاتەوە کە لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە هەن، هاوکات ئاماژەیەکی گرنگیشە کە عێراق وەکو دەوڵەتێکی فیدراڵی هەمووان تێیدا بەشدارن".
 
هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق
 
بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کورد بە چەند لیستێک لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و چەند ناوچەیەکی دیکە لە هەڵبژاردنەکە بەشدارە.
 
 دڵشاد شەهاب پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خستەڕوو و گوتی: "پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک و موسڵ و ناوچە کوردستانییەکان ئەوەیە کە ململانێ کارێکی ئاساییە، بەڵام نابێ بگاتە رادەی یەکدی شکاندن و دەبێ نەگاتە ئەوەی کورد لە ئەنجامی ململانێدا کورسی لەدەست بدات".
 
وەکو دڵشاد شەهاب ئاماژەی پێدەدات؛ "دەبێت ئامانجی سەرەکی لەم هەڵبژاردنە، سەرکەوتنی ئەو هێز و لایەنانە بێت کە بڕوایان بە پێکەوەژیان هەیە و وا نەکرێت پێگەی کورد تووشی پاشەکشە ببێت".
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2023ـی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردووە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەم رۆژە بە راوێژکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان دیاریکراوە.
 
دڵشاد شەهاب گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پرس و را لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریکردووە. ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستی بە کارەکانی کردووە و ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵیان لەسەر هێڵین، بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی دانراوە، کارەکان بە باشی بەڕێوەچوون".
 
لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایەی بۆ هەموارکردنی یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پەسندکرا، دڵشاد شەهاب دەڵێت؛ بۆ ئەوە بوو کۆمیسیۆن کاتی پێویستی لەبەردەستبێت بۆ تەواوکردنی هەڵبژاردنەکان" و دەشڵێت، دەقە هەموارکراوەکە پابەندییەکی تێدایە کە "درێژکردنەوەی ماوەی کۆمیسیۆن بۆ ئەوەیە یەکێک لە ئەرکەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت و هەموو لایەنەکانیش کۆک بوون لەسەر پێشکێشکردنی ئەو پرۆژەیاسایە".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە؛ هیچ ئەگەر یان مەترسییەک لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا نییە، "بەڵکو بەپێچەوانەوە، هەموومان بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 25-02-2024 دەچین".
 
مووچەی فەرمانبەران
 
لەبارەی گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەو رێککەوتنانەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق کراون بەشی زۆریان تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون، لەناویاندا پرسی بودجە، ئەوەی لەسەر مووچەی فەرمانبەران بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت لە گوشاری سیاسی تێپەڕیوە و ستەمکردنە".
 
بە گوتەی دڵشاد شەهاب؛ بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو حکومەت دەرفەتێکی لەبەردەمە بۆ ئەوەی پرۆژەیەک رەوانەی پەرلەمان بکات بۆ هەمواری یاسای بودجە و تێیدا کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت.