قایمقامی شارەزوور: پرۆژەمان هەیە 97%ـی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
قایمقامی قەزای شارەزوور دەڵێت، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزارییان بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراوە و کاریان تێدا ناکرێت. دەشڵێت، پرۆژە هەیە 97%ـی تەواوکراوە، بەڵام کارکردن تێیدا وەستاوە.
 
رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئەم ساڵ هیچ پرۆژەیەک لە سنووری قەزای شارەزوور جێبەجێنەکراوە و چەند پرۆژەیەکیش هەن، کە بەهۆی نەبوونی پارە و قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا راگیراوە.
 
قایمقامی شارەزوور گوتی، سێ پرۆژەیان هەبوون کە سەرۆکوەزیران رەزامەندی لەسەردابوون، هەر یەکەیان پێشینەیەکیان بۆ خەرجکرا، بەڵام ئەوە یەک ساڵ و نیوە پرۆژەکان وەستاون، ئەوانیش پرۆژەی ناوەندی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە شارەزوور. پرۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ بۆ شووقەکان، کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دروستکراوە. هەروەها پرۆژەی دروستکردنی باڵەخانەکانی قایمقامیەت، رەگەزنامە و بەرگریی شارستانی.
 
لەبارەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزاکە، رزگار غەفوور ئاماژەی بەوەکرد، بێجگە لەو پرۆژانەی راگیراون، چەند پرۆژەیەکی دیکەیان هەیە کە راگیراون ئەوانیش پرۆژەی خزمەتگوزاریین لە گەڕەکەکان وەکو کۆنکرێتی گەڕەکی سیروانییەکان و رۆشنبیران.
 
بەگوتەی قایمقامی شارەزوور، پرۆژەیان هەیە 97%ـی کارەکانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا راگیراوە.
 
دەشڵێت: "چەند گەڕەکێکی نوێ دروستبوون لە سنووری شارەزوور تائێستا هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە".
 
لەبارەی تاپۆکردنی ئەو خانووانەی کە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون، رزگار غەفوور گوتی، "لە ناوەندی قەزای شارەزوور گەڕەکی رۆژهەڵات هەیە زێدەڕۆیە، هەروەها کۆمەڵگەی نەسریش کە یاسای تاپۆکردنی زەوییە زێدەڕۆکان دەیانگرێتەوە و دانیشتووانەکەی مامەڵەی یاساییان پێشکێشکردووە، بەڵام گرفتی نەخشەی هەیە و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بە پاساوی نەبوونی بوودجە تائێستا نەخشەی گەڕەکەکەی دروست نەکردووە".
 
چەند هاونیشتمانییەک لە قەزای شارەزوور پەیوەندییان بە رووداو کردووە و دەڵێن، ماوەی چەند ساڵێکە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام زەوییان پێنەدراوە.
 
رزگار غەفوور لەو بارەیەوە گوتی، "بەهۆی ئەوەی لە سنووری شارەوانی شارەزوور زەوی تەرخانکراو [ئیفرازکراو] نییە، بۆیە تائێستا زەوییان پێنەدراوە، "چونکە هیچ زەوییەکمان لەبەردەستدا نییە دابەشی بکەین".